بارزانی و ژەنەراڵ ستیڤن تاونسێند باسی ئۆپراسیۆنەكانی موسڵیان كرد

خواكوڕك 

ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ چوارشەممە 31ـی 5ـی 2017 بڵاوی كردەوە، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژەنەڕاڵ ستیڤن تاونسێند فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە كین گرووس كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا.

ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش داوە كە لە كۆبوونەوەكەدا کە بەڕێزان کەریم شنگالی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و دکتۆر فواد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئامادە بوون، بە وردی باسی بەرەوپێشچوونەکانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كرا و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی تیرۆریستان لە پارێزگای نەینەوا و پێشهاتە تازەکانی ئەو شەڕە تاوتوێ كرا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا خۆشحاڵیی خۆی بەو هەماهەنگی و هاوکارییە پتەوەی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق خستەڕوو کە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵدا هاتە ئارا و نیگەرانییەكانی هەردوولایش لەبارەی ئەو کارانەی پێچەوانەی ڕێککەوتنی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و عێراق ئەنجام دراون خستەڕوو و بە هەڕەشە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچە ئازادکراوەکانی پارێزگای نەینەوا لەقەڵەم درا و فەرماندەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە ئەوان بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن و باس لە ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگەگرتن لەو زێدەڕۆییانە کرا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا جەخت لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و هاوکاری و هەماهەنگیی هەردوولا کرایەوە.

Back to top button