نێچیرڤان بارزانی: كۆچی دوایی عەزیز محەممەد مایەی خەمگینییە

خواكوڕك
سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی كۆچی دوایی سكرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی عێراق، پرسەنامەیەكی ئاراستەی بنەماڵەكەی و هەردوو حیزبی شیوعی كوردستان و عێراق كرد و رایگەیاند “عەزیز محەممەد كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز بوو”.

رۆژی چوارشەممە 31-5-2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پرسەنامەیەكی بەبۆنەی كۆچی دوایی عەزیز محەممەد، سیاسەتمەدار و سكرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی عێراق بڵاوكردەوە و هاتووە “هەواڵی كۆچی دواییی بەڕێز عەزیز محەممەد، تێكوشەر و كەسایەتیی نێوداری كوردستان و عێراق، مایەی خەمگینییە، بەو بۆنەوە خەمناكەوه پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و كەسوكار و هەموو لایەنگرانی رێبازەكەی دەكەین”.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 31-5-2017، عەزیز محەممەد ، سكرتێری پێشووتری حیزبی شیوعی عێراق لە ماڵەكەی خۆیدا و لە تەمەنی 93 ساڵیدا لە هەولێر كۆچی دوایی كرد.

دەقی پرسەنامەكەی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان

بنەماڵەی بەڕێز عەزیز محەممەد،
كۆمیتەی ناوەندیی هەردوو حیزبی شیووعیی كوردستان و حیزبی شیووعیی عیراق،

هەواڵی كۆچی دواییی بەڕێز عەزیز محەممەد، تێكوشەر و كەسایەتیی نێوداری كوردستان و عێراق، مایەی خەمگینییە. بەو بۆنەوە خەمناكەوه پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز وكەسوكار و هەموو لایەنگرانی ڕێبازەكەی دەكەین.

بەڕێز عەزیز محەممەد، وەك كەسایەتییەكی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز، ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە بزووتنەوەی سیاسیی عیراقدا لە دژی دیكتاتۆری و خەباتێكی سەختی لەپێناو ئازادی و دیموكراسیدا لە عیراق ئەنجام دا، لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستانیش لە ڕۆژە سەختەكانی خەباتی گەلی كوردستاندا بۆ مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی، ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبووه. لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانی و دەستكردن بە پرۆسەی دیموكراسی لە كوردستاندا لە دوای ڕاپەڕینی1991، بەشدارییەكی بەرچاوی هەبووه.

سەبووری بۆ خانەواده و كەسوكاری دەخوازم، هیوادارم دوایین خەمیان بێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
٣١/٥/٢٠١٧

Back to top button