پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی كۆچی دوایی مامۆستا عەزیز محەمەد

خواكوڕك
بە بۆنەی كۆچی دوای كەسایەتی سیاسی هەرێمی كوردستان و سكرتێری پێشووی حزبی شیوعی كوردستان عەزیز محەمەد سەرۆكایەتی هەرێم پەیامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی كەسو كارو دۆست و ئاشنایانی ئەم كەسایەتیە سیاسیە كرد.
لە پەیامەكەی سەرۆكایەتی هەرێمدا هاتووە :” مامۆستا عەزیز محەمەد مرۆڤێكی تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرێكی مەزن و دۆستی نزیكی بارزانیی نەمر بوو. شوێندەستی مامۆستا عەزیز محەمەد لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان دیارە.:
دەقی پەیامەكەی سەرۆكایەتی هەرێم

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
هەواڵی كۆچی دوایی تێكۆشەر و سیاسەتمەداری كوردستان مامۆستا عەزیز محەمەد زۆر خەمباری كردم. بەم بۆنە خەمناكەوە سەرەخۆشی لە خانەوادە و كەسوكاری بەڕێزیان و هەڤاڵ و دۆست و ئاشنایانی مامۆستای كۆچكردوو مامۆستا عەزیز محەمەد دەكەم.
مامۆستا عەزیز محەمەد مرۆڤێكی تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرێكی مەزن و دۆستی نزیكی بارزانیی نەمر بوو. شوێندەستی مامۆستا عەزیز محەمەد لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان دیارە. دۆستایەتیی و نزیكیی مامۆستا عەزیز محەمەد لەگەڵ بارزانیی نەمر ڕۆڵی هەبووە لە پەیوەندیی باشی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول كە قۆناغێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمانە، بە تایبەت ڕێكخستنەوەی سیاسی حزبی شیوعی و پێشمەرگەكانی حزبی شیوعی لە چوارچێوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و هەروەها بەرگریكردن لە دۆزی ڕەوای كورد لە ئاستی جیهانیدا. لەدەست دانی تێكۆشەرێكی وەك مامۆستا عەزیز محەمەد خەسارەتێكی گەورەیە. لە خودای مەزن داواكارم خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بەهەموو لایەك ببەخشێت.
انا لله و انا الیه راجعون
مسعود بارزانی
31ـی 5ـی 2017

Back to top button