قوباد تاڵەبانی :ئه‌م باره‌ لاره‌ ته‌نیا به ‌گۆچانه‌كه‌ی‌ مام راست ده‌كرێته‌وه

خواكوڕك 

لە راگەیاندراوێكی دا بەبۆنەی ساڵیادی یەكێتی نیشتمانی كوردستان قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆكوەزیرانی كوردستان رایگەیاند،وه‌ك چۆن جه‌نابت له ‌رۆژه‌ سه‌خت ‌و دژواره‌كاندا هه‌میشه‌ هیوا و گه‌شبینیت ده‌به‌خشییه‌وه‌، پڕ به‌دڵ حه‌زم ده‌كرد منیش ئه‌مڕۆ له‌م نامه‌یه‌دا مزگێنی‌ باشیی‌ بارودۆخی‌ سیاسی، ئه‌منی‌‌، ئابووری‌‌ و مرۆییت پێبده‌م، به‌ڵام به‌داخم به‌و شێوه‌یه‌ نییه‌، دڵنیام هه‌موو شتێك به‌دڵی‌ تۆ نییه‌، بێهیوایی‌ له ‌هه‌ندێ‌ ره‌فتار و گفتار هه‌ندێجار زۆربه‌مان ده‌گه‌یێنێته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی‌ بڵێین ئه‌م باره‌ لاره‌ ته‌نیا به‌گۆچانه‌كه‌ی‌ مام راست ده‌كرێته‌وه”.

هەر لەراگەیاندراوەكەی دا قوباد تاڵەبانی كورە بچووكی جەلال تاڵەبانی دەشلێــ”‎پڕ به‌دڵ حه‌زمان ده‌كرد بارودۆخی‌ حوكمڕانیمان به‌شێوه‌یه‌ك بووایه‌ خزمه‌تی زیاتری خه‌ڵكی‌ كوردستانمان بکردایه‌ و گوزه‌رانێكی‌ شایسته ‌و گونجاومان بۆ هه‌مووان دابینبكردایه‌، به‌ڵام زروفی‌ شه‌ڕ و قه‌یرانی‌ ئابووری‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ئیراده‌ی‌ خۆمان بارودۆخه‌كه‌ی‌ شێواند و بوونه‌ مایه‌ی‌ بارگرانی‌ بۆ خه‌ڵك، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ش خه‌تای‌ ئێمه‌ی‌ تێدایه‌ و وه‌ك چۆن شانمان داوه‌ته‌ به‌ر باری‌ ئه‌و ئه‌ركه‌، ده‌بێت به‌رپرسیارێتییه‌كه‌شی‌ هه‌ڵبگرین”.

هەروەها قوباد تاڵەبانی لە راگەیاندراوەكە دا روودەكاتە باوكی دەلێـ “‎مامه‌ گیان، ئێوه‌ بۆ من ته‌نیا باوكێك نه‌بوون، به‌ڵكو مامۆستا و خوێندنگا و رێبازێك بوون كه‌ شوێنكه‌وتنی‌ هه‌میشه‌ مایه‌ی‌ شانازی ‌‌و سه‌ربه‌رزییه. ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتنێكمان به‌ده‌ستهێنابێت له‌ چاوی‌ حیكمه‌ت ‌و دونیابینی‌ تۆ ده‌یبینین، ئه‌گه‌ر دووچاری‌ شكستێكیش هاتبین، ئه‌وا به‌هۆی‌ غیابی‌ تۆوه‌یه‌ كه‌ حه‌وسه‌ڵه‌ و ئۆقره‌یی‌ لێ‌ بڕیوین”.

هەروەها تاڵەبانی بەردەوام دەبێت لە باس كردنی باوكی دەلێـ “ساڵ به‌ ساڵ پشوودان‌ و غیابی‌ تۆ زیاتر پێوه‌مان دیاری‌ده‌دات، ئێستا له‌وه‌ تێده‌گه‌ین چۆن له‌چه‌قی‌ قه‌یرانه‌كاندا به‌هه‌نگاوێكی‌ ژیرانه‌ ئاشته‌واییتان ده‌خسته‌ نێوماڵی‌ كوردو دڵی‌ هه‌موو خه‌ڵكیتان خۆش ده‌كرد. ‎له‌دوای‌ ساڵانی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆ، ئه‌وه‌نده‌ به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی‌ حیكمه‌ت ‌و مه‌ردایه‌تی‌ بنوێنیت‌ و به‌دوو ئۆتۆمبێله‌وه‌ روو له‌سه‌ری‌ ره‌ش بكه‌یت ‌و له‌گه‌ڵ کاک مه‌سعود خاك ‌و ئیداره‌ی‌ باشووری‌ كوردستان یه‌كبخه‌یته‌وه”‌.

لە باسی رێککەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان، قوباد تاڵەبانی دەڵێت “‎پاش ماوه‌یه‌ك له‌نیگه‌رانی‌‌ و دڵئێشان، هه‌ر تۆ بوویت له‌گه‌ڵ كاكه‌ نه‌وه‌ی‌ رۆح شادی‌ هاوخه‌بات‌ و هاوسه‌نگه‌رت ئاشتبوونه‌وه‌ی‌ یه‌كێتی‌‌ و گۆڕانتان راگه‌یاند و رێكه‌وتننامه‌یه‌كی‌ نیشتیمانیتان هێنایه‌ به‌رهه‌م”.

لەبارەی كۆچی دوای نەوشێروان مستەفا قوباد تاڵەبانی دەشلێـ” زۆر به‌داخم كه‌ ئه‌مساڵ له‌كاتێكدا یادی‌ یه‌كێتی‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هاوڕێی دێرینی تۆو یه‌کێ له‌دامه‌زرێنه‌رانی حیزبه‌که‌مان، كاكه‌ نه‌وه‌ جێی‌ هێشتوین، چاومان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بوو ئه‌مساڵیش وه‌ك پار بەحزوری جەنابت بهاتایه‌ به‌شداری‌ خۆشییه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ بكردینایه‌و له‌گه‌ڵ هاوخه‌باته‌ دێرینه‌كانیدا ده‌ستی‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌رز بكردایه‌وه‌”.

لەبارەی رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان، قوباد تاڵەبانی جەستیکردووەتەوە “وه‌ك پێشتریش وتومه‌، وه‌فاداری‌ بۆ مام جه‌لال و كاكه‌ نه‌وه‌ به‌وه‌ ده‌بێت رێز له‌ئیمزاكه‌یان بگرین ‌و رێكه‌وتننامه‌ی‌ یه‌كێتی ‌‌و گۆڕان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان خواستیان بوو، جێبه‌جێ‌ بكه‌ين”.

Back to top button