خێڵ و دابەشكاری
زكری مووسا
پێشنیارەكەی پێكهێنانی هەرێمی سلێمانی لەم كاتەدا زیاتر مانای دابەشكردنی كوردستان دەدات، ئەوە لە حاڵێكدایە كوردستان وا لە دەرگەی سەربەخۆیی دەدا. ئەم پێشنیارە خێڵەكیانە و ناوچەگەرانەیە و ئیمتیدادی عەقڵیەتی خێڵ و میری سەدەكانی پێشووی كوردە.
هەڵسووڕاوەكەی گۆڕان كە ئەم بیرۆكەیەی لە ڕێكخەری كۆچكردوو پێگەییشتووە لە ڕاستیدا بە خستنەڕووی پێشنیاری دابەشكردنی كوردستان پشتی لەو دەنگدەرانەیش كردووە كە لە هەولێر و دهۆك ئومێدیان لەسەر گۆڕان هەڵچنیبوو. ئەگەر مەبەست لەم پێشنیارە لامەركەزی و خزمەتكردنی دەڤەرەكەیە ئەوە ئەسحابی پێشنیارەكە موئەهەل نین بۆ خزمەت و نیازپاكی چونكە خۆ بیست و قسوور ساڵە دەستەڵاتی موتڵەقی ئەم دەڤەرەن و داریان لەسەر بەرد نەناوە و تەنیا سلێمانیان پەلكێشی سەرلێشێواوی و ناشەفافیەت و هەرج و مەرج كردووە.
عدنان عثمان لە كۆتایی نووسینەكەی نایشارێتەوە كە ئەمە زیاتر لە ڕقی پارتیە و نایانەوێ چیتر پاشكۆی پارتی بن. بە واتایەكی تر ئامانج تەنیا نانەوەی كێشەیە بۆ پڕۆژەی سەربەخۆیی پارتی نەك شتێكی تر. بیرۆكەی دابەشكردنی كوردستانیش لەسەر فۆڕمی پێشنیارەكەی عدنان بیرۆكەیەكی هاوردەیە و لە بەرژەوەندیی دراوسێ ڕۆژهەڵاتی و باشوورییەكانی كوردستانە، ئەم پێشنیارە پێشنیاری عەرەب و فارسە نەك پێشنیارێكی خۆماڵیی كوردی… ئەگەر عدنان و هاوبیرانی پاشكۆیەتی بێگانەیان لە پاشكۆیەتی كورد و پارتی لا باشتر بێت ئەوە بە دڵنیاییەوە خەڵكی كوردستان پاشكۆیی بێگانەیان ناوێ…
سیاسەتكردنیش كە لەسەر ئەساسی ڕق بوو دیارە ئەنجامەكەی چیی دەبێت. بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان و سلێمانی لێیان ڕازی بان و قسەیشیان لە مەحافلی سیاسی گوێگری هەبا ئەبوایە عدنان بەمشێوەیە هاتبا گۆ: ” ئەبێ كار بكەین بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان.. كە سەروەریمان بە دەست هێنا كار بكەین بۆ لامەركەزی و فیدڕاڵیەتی كوردستان”.