نێچیرڤان بارزانی دواین زانیاری لەبارەی رێكەوتنەكەی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیای رۆزنەفت ئاشكرا دەكات

خواكوڕك 

لەدیمانەیەكی میدیایی دا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان لەبارەی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ رووسیا رایدەگەێنێت،  رێککەوتنیان لەگەڵ رۆزنەفت مەودادرێژە و، سەرەتایەکی تازەیە بۆ رێککەوتنی زیاتر لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە بواری وزەدا، هەروەها گەڕانەوەی متمانەیە بۆ بازاڕەکانی کوردستان دەشلێـ” لەگەڵ پووتین باسی بەرەوپێشبردنی بواری ئابووریی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا و، شەڕی داعش و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان کردووە.

هەروەها نێچیرڤان بارزانی لەبارەی رێكەوتنێكی تری بازرگانییەكانی دەشلێـ” خۆی ئەمە رێککەوتنێکی بازرگانییە و ئەوان لە هەرێمی کوردستاندا ئینڤێست دەکەن. سەرمایەی خۆیان لەوێ بەکاردێنن. رێککەوتنێکی بازرگانیی مەودادرێژە لەگەڵ کۆمپانیان رۆزنەفت کە یەکێکە لە کۆمپانیا هەرە گەورەکانی بواری وزە لە رووسیا. ئێمە پێمانوایە  دوای ئەم هەموو ساڵانەی بارودۆخی کوردستان خراپ بوو بەتایبەتی لە بواری وزەدا، ئەم رێککەوتنە دەبێتە دەستپێکردنێکی تازە لەبواری وزە، بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا.

سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی رێكەوتنەكانی لەرووسیا كە ئایا كاریگەری دەبێت لەسەر دۆخی كوردستان، دەشلێـ” ئێمە هیوادارین ئەمە ببێتە سەرەتایەکی باش بۆ پەیوەندییەکی ئابووریی درێژخایەن لەگەڵ رووسیا، بەتەئکید ئەمە دیسان نیشانەی گەڕانەوەی متمانەیە دوای چەندین ساڵ لەو کێشانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەبوون. بەتایبەتی بڕینی بودجە، شەڕی داعش، هاتنی ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارە. دوای ئەم هەموو گرفتانە من پێموایە ئەمە دەستپێکردنێکی باشە بۆ ئەوەی متمانە بۆ بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە”.

لەبارەی  کۆبوونەوەی لووتکەی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی رووسیا نێچیرڤان بارزانی دەشلێـ”، ئێمە لە کۆبوونەوەدا لەگەڵ جەنابی سەرۆک پووتین باسی پەیوەندیی دووقۆڵیمان کرد، هەروەها باسی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی ئابووری نێوان هەرێمی کوردستانیش یەکێک لەو تەوەرانە بوو کە ئێمە قسەمان لەسەر کرد. باسێکی دیکە پرسی شەڕی داعش و تیرۆرستان بوو کە ئەوەش یەکێک لەو تەوەرانە بوو لەگەڵ سەرۆک پوتین قسەمان لەسەر کرد.

Back to top button