سلێمانی لە هەرێمێک بۆ چەند هەرێمۆکەیێک
ئاسۆ حاجی
کاتێک برا گەورەکان ماڵیان لە یەک کرد و هەر یەکەو گردێکی کردە ناونیشان، برا گچکەکانیشیان جورئەتی وەدەنگ هاتن و حەزی پاوانخوازی لە دڵیاندا چەکەرەی کرد و خۆسەلماندن لە سەر حیسابی پێشێلکردنی بڕیارەکانی حزب و گوێ نەدان بە ڕێنمایی و بڕیارەکانی حکومەت و بە ڕەسمی نەناسینی دادگا بووە پەتایک و بەرپرسانی باڵە زۆرەکانی یەکێتی نیشتیمانی گرتەوە و هەریەکیان گردۆکەیەکیان زیاتر بە نیەتی هەرێمێک دابڕی.
ئەگەر سەرەتا بەرپرسانی ئاسایشی گەرمیان و چەمچەماڵ بۆیان نەچووبا سەر و سەرکردە بە یەک ناکۆکەکانی یەکێتی شکۆ و بڕیاری یەکێتیان بە قوربانی ململانێ ناوخۆیەکانیان نەکردبا، عەتا سەراویش نەیدەوێرا بە عەنتەڕیات ئامۆزاکەی لە پۆستی قایمقامیەتی سەیدسادق بهێڵێتەوە و وەک هەرێمێکی بن قەڵەمڕەوی خۆی مامەڵەی پێوە بکات.
سلێمانی کە لە هەموو ڕوێکەوە لێک ترازاوە و دوو حزبی خاوەن یەک بنکەی جەماوەری و یەک مێژوو و بیرباوەڕ نەتوانن پارێزگارێکی بۆ دابنێن، نەتوانن لەسەر کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە شوێنێک ڕێک بکەون و چاڤی لاند لە ڕقی سەهۆڵەکە دەرگاکانی بکاتەوە و لە ڕقی دەباشان زەرگەتە بکرێتە ناوەندی بڕیار و کۆڵان کۆڵان و گرد بە گرد و شارەدێ و شارۆچکەکان بکرێنە هەرێم و هەمووشیان هاوار بکەن بۆ ڕێگرتن لە گەندەڵی و خراپەکاریەکانی حکومەت و حزب لە پێناو گەڕانەوەی شکۆ بۆ کوردستان و بە ناونیشانی بەرگریکردن لە هەژاران داوای قۆچانی هەرێمەکەی بکات!
سلێمانی لە گەڵ شەڕی ناوخۆ بۆتە هەرێمێک و دەسەڵاتی خۆجێی و حزبی حوکمڕان و ڕۆشەنبیری مونەزیڕی خۆی هەیە، دوای ئەو هەموو ساڵە لە ئەزموونی خۆ بەڕێوەبردندا سلێمانی بێ پارێزگا بەڕێوە دەچێت چونکە حزبەکان بە نۆرە و بە دابەش دووی نێوان گۆڕان و یەکێتی بەسەر گرد و بنەماڵە دەیبەشنەوە و ڕۆشەنبیرەکانیشی تەنزیڕات بۆ ئەو بەشینەوەیە دەکەن و تەبڕیڕات دێنەوە لەوەی پارتی یەخەی ئەو شارە بەرنادا ئەگەرنا بە تەسلیمکردنەوەی بە بەغدا باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاری حکومەتی کوردستان دەربهێندرێ و بدرێتەوە خاوەنە ئەسلیەکانی وەک پەڕلەمانتارانی گۆڕان و یەکێتی لە بەغدا هاواری بۆ دەکەن.
بە شەڕی ناوخۆ و دروستبوونی دوو ئیدارەیی و لێکترازانی جڤاکی دڵیان ئاوی نەخواردۆتەوە، ئەکڕادانی مالیکی دەیانەوێ بە بەهانەی چاککردنی گوزەرانی خەڵک ترازانێکی دیکە لە جەستەی نیشتیمان دروست بکەن، بەبێ ئەوەی ئاوڕ لە پاشەڵی پیسی مێژووی خۆیان بدەنەوە و تێبگەن کە خەڵک دەیانبینێ و دەزانێ بیست و شەش ساڵە کەس دەستی نەگرتوون جگە لە بەرژەوەندە کەسیەکانیان نەبێت، جگە لە چاو تەنگی حزبیان نەبێت کە داهاتی ئەو دەڤەرە لە گیرفانەکانی خۆیان ساغ بکەنەوە، کەسێک ڕێگای لە شۆڤەل و گرێدەر و قەلابەکانی شارەوانی نەگرت لەجیاتی بە پارەی وشکە ساڵی و داهاتی گومرگەکان و هاتوچۆ و تاپۆ و داهاتەکانی تر گردەکانی پێ ئاوەدان بکەنەوە چووبان قالاوە و گەڕەکە هەژار نشینەکانیان چاک بکردبا.
ئەوانەی داوای بەهەرێم بوونی سلێمانی دەکەن، سەرەتا دەبێ داوای یەکگرتنەوەی هەرێمۆکەکان بکەن و کوێخاکان ڕازی بکەن لە بن سێبەری ئاغایێک قاوەی یەکدی بخۆنەوە، تا لایەنی کەم بە یەک هەڵوێستی و لە یەک داواکاریدا بڕیاری خۆیان بدەن.