وەزارەتی پێشمەرگە بەتووندی وەڵامی عەسائبی ئەهلی حەقی دایەوە

خواكوڕك 
لە روونكردنەوەیەكدا گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمرۆ 3ی 6ی 2017 لەبارەی لێدوانێكی فەرماندەیەكی میلیشیای عەسائبی ئەهلی حەقی دەلێت” لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لێدوانێكی تەلیباوی كە فەرماندەیەكی چەكدارەكانی عەسائبی ئەهلی حەقی ناو حەشدی شەعبیە لە میدیاكان بڵاو بووەتەوە.ئەو لێدوانە و لەهجەكەی، دوژمنكارانە و بێ بنەمایە لەدژی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و بۆنی هەڕەشە و فیتنەگێڕی و شەڕفرۆشی لێدێت. ڕەنگە ئەم هەڕەشەیە تەواوكاری هەڕەشە و قسە نابەجێكانی مالیكی بێت لەدژی گەلی كوردستان.
هەر لە روونكردنەوەكەی گوتەبێژی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، جێگەی داخە ڕۆژانە لێدوانی دوژمنكارانە و سەیر و سەمەرەی هاوشێوە لە دژی پێشمەرگە و كوردستان دەبیسرێت كە جێگەی سەرسوڕمانە. پرسیار ئەوەیە هەتا كەی فەرهەنگی گەفوگوڕ و قڕكردنی كورد دەبێ باڵادەست بێت؟ گەلی كوردستان شەڕی تیرۆری كرد و لەسایەی قوربانیدانی پێشمەرگە لەو شەڕە سەختەدا سەركەوت، بە خوێنی پێشمەرگە ئەفسانەی داعش تێكشكا و خاكی كوردستان لە داگیركاریی تیرۆریستان ئازاد كرا. پێشمەرگە بە شمشێری كەس شەڕ ناكات، بە درێژایی مێژووی خەباتیدا پێشمەرگە بێ كەسترین هێز بووە و بۆ بەرگریكردن لە كوردستان هەمیشە پشتی بە ئیرادە و خوێنی خۆی و پاڵپشتیی گەلی كوردستان بەستووە.
هەروها دەلێــ” ئەوە ئێوەن كە ئەگەر ڕاوێژكار و هێزی بیانی و هەرێمایەتیتان لەگەڵدا نەبێت ناتوانن شەڕی یەك مەفرەزەی داعشیش بكەن. هەر ئێوەن موسڵتان تاڵان كردووە و پێشتر سەدان كەستان بێسەروشوێن كردووە و ڕێگەی تەعەداتان گرتووەتەبەر و هەموو لایەك ئاگاداری ڕەفتارەكانی ئێوەیە. گەلی كوردستان تەعەدای لە كەس نەكردووە و تەعدایش لە كەس قبوڵ ناكات و ئامادەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو هەڕەشە و كەڵەگایی و ڕەفتاری ناهەق و نابەجێی خەڵكی تر. هیوادارین ئەمجۆرە دەنگانە تەمسیلی حەشد نەكەن و داوایش لە عاقڵمەند و چاكەخوازانی شیعە دەكەین سنوورێك بۆ زێدڕۆیی و هەڕەشەكانی ئەو جۆرە كەس و تاقمانە دابنێن.
Back to top button