ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی: پێویستە میری ئێزدییان بڕیاری یەكلاكەرەوە لەسەر شنگال بدات

خواكوڕك
بەرپرسی لقی 22 گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، پێویستە میرو ئەنجومەنی ڕۆحانی و كەساییەتییەكانی ئێزیدی بڕیاری یەكلا كەرەوە بدەن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر كێشەكانی شەنگال و حەشدی شەعبی و پەكەكە كە هاوبەشن لە جێبەجێكردنی ئەجێندای هیلالی شیعی ڕوون بكەنەوە.

ئەكرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22 گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نووسیویەتی، پێویستە میر و ئەنجومەنی ڕۆحانی و كەساییەتییەكانی ئێزدی بڕیاری یەكلا كەرەوە بدەن و هەڵوێستی خۆیان لەسەر كێشەكانی شەنگال و حەشدی شەعبی و پەكەكە كە هاوبەشن لە جێبەجێكردنی ئەجێندای هیلالی شیعی ڕوون بكەنەوە :” بۆ ئەوەی كوردستان لە هەر هەنگاوێك كە لە داهاتوو دەیگرێتە بەر، پشت ئەستوور بێت بە پشتیوانی ئێزدییەكان خۆیان، تا لایەنە ڕكابەرەكان وەك مەرامی سیاسیی و حزبی لێكدانەوەی بۆ نەكەن”.

دەشڵێت :” دوای ئەوەی حەشدی شەعبی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدادی پێشێل كرد، چەند گوندێكی لە باشووری شنگال دوای دەركردنی داعش، داگیر كرد، هەر بۆیە قۆناغێكی نوێی ململانێ سەری هەڵدایەوە، چونكە حكوومەتی عێراق پێشتریش لە ڕێگای پەكەكەوە هەوڵی دابوو لەو سنوورە دانەبڕێت، بۆ ئەوەی ناوچەكە ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە نەبێت تا داعش تێكدەشكێت و دەگەڕێنەوە سنووری نەینەوا، هەروەها بۆ ئەوەی پێشمەرگە ئەو سنوورەی بە خوێن نەخشی كێشا، تێیدا نەگاتە خاڵی كۆتای سنووری كوردستان”.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە ئەم هەوڵەی بەغدا پلانێكی بێ ئەجێندا نەبووە، بەڵكوو بەشێكە لەو نەخشەی بە “هیلالی شیعی” ناسراوە و شەڕی داعش دەرفەتی بۆ ڕەخساند لەسەر زەوی بە خێرایی بچێتە پێشەوە، بۆیە نزیكبوونەوەی حەشدی شەعبی لە شنگال و سەنگەرەكانی پێشمەرگە، هەمان مەترسی پەلاماری داعشی بیر هەموو لایەك هێنایەوە، كە ڕوودانی شەڕێكی نوێ ئەگەرێكی دوور نییە، بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی ڕەوایەتی بە مانەوەی خۆی لە ناوچەی شنگاڵ بدات.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، تاوانەكانی داعش زەمینەیەكی سایكۆلۆژی وای دروست كرد، كە زۆر لایەن بارودۆخەكە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی دەستێوەردان لە ناوچەكەدا بكەن، نەك لەبەر دڵسۆزیان، بەڵكوو بۆ مەرامی سیاسیی و لێدانی پێگەی پارتی و بارزانی كە ڕیشەیەكی بەهێزی لە ناو كوردانی ئێزدیدا هەیە، بەشێوەیەك لەم پرسەدا گوتار و ئەجێندای پەكەكە و هەندێ لایەنی كوردی لەگەڵ ئەجێندای شۆڤێنیزمی عەرەب و تەشەیوعی ئێرانی یەكی گرتووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە سەرەڕای ڕزگاربوونی سنوورەكە لە چنگی داعش، بارودۆخی ناوچەكە هێشتا ناسەقامگیرە و كوردانی ئێزدی نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. لە دۆخێكی وا ئاڵۆزدا، كە ناوچەكە ڕووبەڕووی پیلانگێڕی فرەلایەن بووەتەوە، برا ئێزدییەكان كە قوربانیی یەكەمن، پێوستە هەڵوێستێكی ڕوون و یەكلاكەرەوەیان هەبێت لەمەڕ ئەو دۆخەی لە دەڤەرەكەیان دەگوزەرێ، چونكە تا ئێستە ئەم پرسە دوودڵی و دڵەڕاوكەی پێوە دیارە. ئەوەش دەرفەتی زیاتری داوە بەوانەی بەهەر مەرامێك بێت، دەیانەوێت كێشە و ئاڵۆزی زیاتر لە سنوورەكەدا دروست بكەن.

دەشڵێت :” ئەمە لە كاتێكدا لەڕووی مێژووی، جیۆگرافی، نەتەوەیی، ئاینی و كولتوورییەوە، ئێزدی بەشێكن لە كوردستان ئەگەر هەندێ هەوڵی شۆڤێنی و دوژمنكارانە لە مێژوودا وای كردبێ ژمارەیەك ئێزیدی خۆیان بە كورد نەزانن، بەڵام ئەوانەش دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەن كە تەنیا لەگەڵ كوردستان ئازاد و پارێزراو دەبن، بەو پێیەی تێڕوانینی شیعە لەبارەی كەمینەی ئاینی نامسوڵمان، هەمان تێڕوانینی داعش و گرووپە رادیكاڵە ئیسلامییەكانە..

Back to top button