رونكردنەوەیەك لە سكرتاریەتی سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)ەوە لە بارەی قسەكانی ئاڵا تالەبانی

خواكوڕك
دوای ئەوەی ئالا تالەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرەلمانی عێراق لە كەنالێكی تەلەفزیۆنی رایگەیاند كە تالەبانیەكان بە ئەسڵ شیعەن, سكرتاریەتی مام جەلال وەڵامی قسەكانی دەداتەوە دەلێت:” ئەم دەربڕینەی خاتو ئاڵا تەنیا خۆی لێی بەرپرسیارە و روانینێكی بێ بیركردنەوەیە،دەنا ھەمو كەس دەزانن تاڵەبانییەكان زەنگەنەن”

لە بەشێكی دیكەی روونكردنەوەكەدا هاتووە:” تاڵەبانییەكان نەك ھەر نە دور نە نزیك پەیوەندییان بەو عەشیرەتەوە نیە ، بەڵكو ھەمیشە ناسنامەی كوردبونی خۆیان لە ھەمو كات و شوێن و كۆڕ و كۆبونەوەیەكدا پاراستوە لەو پێناوەشدا قوربانییان داوە”

 

دەقی روونكردنەوەی مەكتەبی سكرتاریەتی سكرتێری یەكێتی
خاتو ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی (ی.ن.ك)لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەیەكی تەلە فزیۆنییدا وای راگەیاند كە، “خەڵك دەڵێن بەنی تاڵەبانی لە بنەڕەتدا سەر بە بەنی ئەسەدن كە یەكێكە لە ھۆزە گەورەكانی شیعەی عێراق، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە عەشیرەتی ئەسەدین، بە من دەڵێن ئامۆزاكەمان”.
ئەم دەربڕینەی خاتو ئاڵا تەنیا خۆی لێی بەرپرسیارە و روانینێكی بێ بیركردنەوەیە،دەنا ھەمو كەس دەزانن تاڵەبانییەكان زەنگەنەن . بەعسییەعەفلەقییەكان بۆ دژایەتی كردنیان وەك چۆن دژایەتی ھەر كوردێكی تریان دەكرد ، مەرامیان بو ئەوانیش لە بۆتەی سیاسەتی تەعریب بدات و بە ئەنقەست و ھاوكات بۆ دژایەتیكردنی ھەڤاڵ مامجەلال بیان لكێنێت بە عەشیرەت و تایفەیەكی عەرەبییەوە .

لەگەڵ رێز و حورمەتی زۆر بۆ ھەمو عەشایرە عەرەبەكان بە بەنی ئەسەدیشەوە ،تاڵەبانییەكان نەك ھەر نە دور نە نزیك پەیوەندییان بەو عەشیرەتەوە نیە ، بەڵكو ھەمیشە ناسنامەی كوردبونی خۆیان لە ھەمو كات و شوێن و كۆڕ و كۆبونەوەیەكدا پاراستوە لەو پێناوەشدا قوربانییان داوە .

ھەرچەندە ھیچ كاتێك تاڵەبانییەكان لافی مەزھەبیی و تایەفەگەریی یان لێ نەداوە بەڵام سونە و پەیڕەو كەری تەریقەتی قادرین لەگەڵ ئەوەشدادۆستایەتیی و ئاشنایەتیان لەگەڵ ھەمو مەزھەب و ھۆز و عەشیرەتەكانی تردا بەھێز بوە، بە ئامانجی خەبات دژی دیكتاتۆریی و ھێنانە كایەی دیموكراسیی .بۆ راستكردنەوەی زیاتری زانیارییەكانیش ئەو وتارەی سەدام حسێن سەرۆكی رژێمی دیكتاتۆریی لەناوچوی بەعس بە بیر دێنینەوە كە لە ساڵی ۱۹۸۹دا كورد بونی تاڵەبانییەكان و كوردستانیی بونی ناوچەكەیان سەلماند كاتێك وتی ” تاڵەبانییەكان یارمەتیی باب و باپیری ئێمەیان داوە كە والی عوسمانییەكان تەنگیان پێ ھەڵچنیون و لە ناوچەكانی ئەواندا داڵدە دراون و جێگەیان كراوەتەوە تا كۆتایی بە كێشەكەیان ھاتوە”. ئیتر نازانرێت دەبێت ئەم بەنی ئەسەدیی بونە لە كوێ وە سەرچاوەی گرتبێت ؟!

Back to top button