بە هەرێمکردنی سلێمانی
ئامینە زکری
ماوەیەکە بانگەشەی دروستکردنی هەرێمی سلێمانی دەکرێت, ئەمەش لە سەر ئەو بنەمایەی کە پارتی لە حوکمرانیەتی کوردستان فەشەلی هێناوەو ئەوان لەو مەملەکەتەی خۆیان بەهەشتێک لە دادپەروەری و جیهانێک لە خۆشگوزەرانی ئابوری و دونیایەک لە ئازادی رەها دەستەبەر دەکەن و ئیتر سلێمانی جمهوریەتی ئەفلاتونی دەبێت.
لە رووی پرنسیپ من پێم وایە تاکە چارەسەری دۆخی کوردستان لامەرکەزیەتی ئیداریە تا ئەو ئاستەی زۆرترین دەسەڵاتی کارگێری بە پارێزگاکان بدرێت, تەنانەت لە گەڵ ئەوەشم کە بۆ کوردستان شێوازێکی تایبەتی حوکمرانی بڕیاری لە سەر بدرێت و دەسەڵاتی خۆبەڕیوەبردنی تەواو بدرێتە پارێزگاکان, لە کاتی راگەیاندنی دەوڵەتیش گونجاوترین شێواز بۆ کوردستان بونیات نانی دەوڵەتێکی فیدراڵە کە پێک هاتبێت لە هەرێمەکانی( دهۆک نەینەوا، کەرکوک گەرمیان, سلێمانی هەڵەبجە, هەولێر)ئەمە وەک چارەسەری گونجاو بۆ خۆبەرێوەبردنی کوردستان دوور لە رق و کینەی حزبی.
خۆ ئەگەر قسە کردن لە سەر بە هەرێم کردنی سلێمانی لەو تێڕوانینە سەرچاوەی گرتبێت کە پارتی هۆکاری قەیرانەکانەو ئەوان کە لە مەملەکەتی فریشتەکانن دەیانەوێت لەم هەژموونەی پارتی رزگاریان ببێت و کۆریای باشوور دروست بکەن, دەی باشە فەرموون با هەڵسەنگاندنێکی مەنتقی و بێلایەنانە بۆ بەرێوەبردن و حوکمرانی لە نیوان دهۆک و سلێمانی یان هەولێرو سلێمانی بکەین و بە زمانی لۆژیک قسە بکەین, بزانین دەگەینە کوێ.
جارێ بەر لە هەموو شتێک پارتی لە ساڵی 1991 تا ئەمرۆ یەک ساتیش بە تەنها حوکمرانی هەموو کوردستانی نەکردوەو یەک رۆژیش لە سنوری سلێمانی و گەرمیان دەسەڵاتی دانانی بەرێوەبەرێک و بەرپرسی بەشێکی نەبووە, بۆیە زۆر نا لۆژیکیە لە ساڵی 2017 کە لە نێو گەرمەی قەیران داین ئۆ باڵی هەموو نەهامەتیەکان بخریتە سەر شانی پارتی. ئەمە ئەو پەری راکردنە لە بەرپرسیاریەتی, مێژووش قەت رەحمی بەوانە نەکردووە کە لە رۆژە سەختەکان لە مەسئولیەت هەڵهاتوون. کەواتە ئێوە کە ئێستا هاتوون و دەتانەوێت سلێمانی بکەنە هەرێم بۆ ئەوەی حوکمی رەشید بونیات بنێن, خۆ هەر ئێوە زیاتر لە 25 ساڵە بە رەهایی حوکمی ئەو مەملەکەتە دەکەن بۆچی ئەو بەهەشتەتان دروست نەکرد. کامەیە ئەو کۆڵەگەو شانازیانەی ئێوە هەتانەو ئێمە لە دواتانەوەین.
باسی چیتان بۆ بکەم ئەو ملیۆنان مەتر زەویە نایابانەی لە ناو جەرگی سلێمانی کە بە بێ بەرامبەر بەسەر کۆمپانیا حزبیەکانتان تاپۆ کرا, تەنها یەک کۆمپانیای گەورەی حزبتان 6 ملیۆن مەتر دووجا زەوی بە سەر تاپۆ کراوە. باسی ئەو هەزاران موساتەحەو وەبەرهێنانەی خستتانە خزمەتی گیرفانی حزب. یان ئەو فەزاحەتانەی لە خاڵە گومرگیەکان دوێنێ و ئێستاو ئەمرۆش دەیکەن و بە دەیان خاڵی گومرگی نایاساییتان داناوەو سەرانە لە خەڵک وەردەگرن.یان ئەو پارانەی لە بانکەکان بردتانە دەرەوەو ئێستاش بە بەردەوامی دەیبەن.
یان باسی ئەو تەنکەرە نەوتانە بکەم کە رۆژانە وەک مێروولە ریزیان بەستووەو دەچنەوە گیرفانی خۆتان. ئەزیەت بکێشن و پێمان بڵێن کامە سێکتەرو کامە بازرگانی ئیحتکار نەکراوە, لە نەوت و غازو پاڵاوگە لە ئینتەرنیت و اتصالات و فڕۆکەوانی, لە دەرمان و لە جگەرەو مەشروب….هتد. خۆ دەبێ لێتان بپرسین لە سایەی ئەو هەرێمەی ئیوە ژمارەی قومارخانەکان کەم دەبێتەوە, یان ئەو هەزاران مەزرەعانەی لە سەر زەوی کشتوکاڵی چارە دەکرێن, ئەو 122 دۆنمەی گردی زەرگەتە کە غاباتەو بە دەر لە یاسا بە ناوی حزبی فریشتەکتان کرا، بۆ حکومەتی دەگەڕێننەوە.؟
باسی کامە گەندەڵی بکەین ئەوەی لە سلکی سەربازی کردتان یان ئەوەی سەدان و هەزارانتان بە نایاسایی خانەنشین کردو کردتانە عەقید و عەمید. باسی کامە ئازادی بکەین ئەوەی کەناڵی ئاسمانی دەسوتێ و بە پارەی حکومەت صولحەکەی دەکەن, یان ئەوەی رۆژنامەنووس دەکوژرێ و بکوژەکەی کەسێکی هەژاری بێدارە. یان ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکان صندوقەکانی دەنگدان لە ئەلبیسەکە دیل کران, یان ئەو ئازادیەی کە تەنها رەخنە گرتن لە پارتی رێگەپێدراوەو ئەوەی تر هەمووی خیانەتە دژ بە نیشتمان. یان ئەو ئازادیەی لە ناوخۆی حزبەکانتان دەستتان پێکردوەو لە دوای مردنی سەرکردەش چارەنووسی حزب بە گۆڕەکەی دەسپێرن.
یان باسی ئەو ملیۆنان دۆلارانە بکەین کە لە بودجەی گشتی بۆ بەڕێوەبردنی کەناڵ و دەزگاکانی میدیایی و پەیج و سایتەکان خەرجی دەکەن و لە ژێر ناوی میدیای ئازاد ژەهر دەڕێژن و شیرازەی کۆمەڵگا تێک دەدەن. یان باسی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە کە لە زیندان قائم مەقام کوژراو نایابترین سینارۆشتان بۆی هۆنیەوە. یان باسی ئەو پارێزگارەی پێشووتر لە سەر گەندەڵی فەرمانی دەستگیر کردنی هەیەو لە فرۆکەخانە بە VIPسەفەر دەکات.
ئەو هەرێمە جوانەی ئێوە بانگەشەی دروستکردنی دەکەن تا ئەمرۆ نەیتوانیوە پارێزگارێکی هەبێت, هەروا کات دەڕوات و ناتوانن رێک بکەون. لەو مەملەکەتە نەتان توانی بەڕێوەبەرێکی ئاسایش بگۆڕن, تا قائمقامێک دانرا دنیایەک تەقە کرا. لەو مەملەکەتە رۆژ نیە بەیاننامە لە سەر یەک تر دەرنەکەن, رۆژ نیە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەک حزب لە ناو خۆیان هەرچی خراپە بە یەکتر نەکەن. خۆزگەم دەخواست ئەوە بان کە بانگەشەی بۆ دەکەن, بەڵام زۆر سەرسامم بەو رووە قایمەتان کە چەندە بە جورئەت و بوێرن و دوای هەموو ئەمانەی سەرەوەو سەدان و هەزارانی دیکەش ئێستا لیمان بوونەتە مۆنتسکیوو باسی لێک جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان دەکەن, دەی فەرموون ئێوە دەستی خۆتان لە گیرفانی حکومەت و بژێوی خەڵک جیا بکەنەوە با ئێمەش چەپڵەتان بۆ لێبدەن, ئێوە باسی سەروەری یاسا دەکەن, بەڵام هیچ پیرۆزیەکتان بۆ یاسا نەهێشتۆتەوەو رۆژانە یاسا کلک و گوێ دەکەن. ئەگەر ئەمانە مۆدێلی نوێی هەرێمەکەتانن سەد جار موبارەکتان بێت و فەرموون ناوی خوای لێبهێنن, بزانین خەڵکی ئەم دەڤەرە تێکۆشەرە تاکەی تەحەمولی ئەم سەرلێشێواویەتان دەکات.