ڕێککەوتن لەگەڵ ڕوز نەفت ، تاڵان فرۆشکردنی کوردستان یان پاراستنی کوردستان ؟؟
بهمن کاك عبداللە
هەرکەس تۆزێك لە مێژووی کورد شارەزابێت دەزانێت ، هەمیشە هۆکاری شکست و سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانی کورد و هەردوو حکومەتی شیخ محمود و کۆماری کوردستان لەمهاباد ، دوو هۆکاری سەرەکی بوە ، یەکەم : نەبوونی ئابوریەکی سەربەخۆ و بەهێز ، دووەم : نەبوونی پەیوەندی دبلۆماسی و هاوپەیمانی لەگەڵ زلهێزەکان لەسەربنەمای بەرژەوەندی هاوبەش .
هەریمی کوردستان لە دوای ساڵی ۲٠٠٥ ەوە پەرەی باشی بەدبلۆماسیەتی نێو دەوڵەتی خۆی داوە لەگەل ووڵاتانی ناوچەکە و جیهان و زلهێزەکانیش دا بەجۆریک هەندیک جار لەهەندی کۆڕ و کۆبونەوەی جیهان و لە کۆشکی سەرۆکایەتی دەوڵەتان وەک سەرۆکی دەوڵەت پێشوازی لەسەرۆکی هەریم کراوە ، بەڵام بەتەنها پەیوەندی دبلۆماسی لە سەر ئاستی ڕێزگرتن بەس نەبوو .
سەرۆکی هەریم و سەرۆکی حکومەت دوای زانینی نیازە گڵاوەکانی مالکی و بەغدا بۆ ڕاگرتنی بەرەو پێش چوونی ئابوری و دبلۆماسی هەرێمی کوردستان ، بڕیاری دەرهێنانی نەوت و سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی کوردستانیان داو لەدەرهینان و راکێشانی بۆری بۆسەر بەندەری جیهانی تورکی و هێنانی کۆمپانیایی بەناوبانگی جیهانی بۆ بواری نەوت سەرکەوتن و بەرەو پێشچوونی گەورەیان بەدەست هێنا .
بەڵام بەداخەوە بڕینی بوجە لەلایەن بغداد و هاتنی داعش و دابەزینی زۆری نرخی نەوت و هاتنی ( ۱۸٠٠،٠٠٠) ئاوارە ، کوردستانی توشی قەیرانیکی دارایی قورس کرد و حکومەت ناچار بوو سیاسەتی تەقەشوف بەکاربهینێت و موچەی فەرمانبەران کەم بکاتەوە ، کەبەداخەوە حزبە بەشدارەکانی حکومەت لە گەل نەیارانی کورد باری قورسی سەرشانی فەرمانبەرانیان قۆستەوە و بەکاریان هێنا دژی حکومەت و سیاسەتی ئابوری سەربەخۆ و تائیستاش ، بەجوڵاندنی عاتیفەی خەلک گومان دەخەنە سەر هەنگاوەکانی سەربەخۆیی کوردستان .
ئەوەی دەمەوی بیلیم سیاسەتی نەوتی سەربەخۆ نەک هەر لەڕووی ئابوری سەرکەوتووبوو بەڵکو لەرووی سیاسیشەوە سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە ، چۆن ؟
سێ ساڵە هەریم لەڕووی ئابوری و سەربازیەوە سەربەخۆیی وەرگرتوە و خۆی بەڕێوە دەبات و شەڕی داعشی بەسەربەخۆیی بەڕیوەبرد و تەواوی خاکی کوردستانیشی ئازاد کرد ، جگە لەوە بەبەستنی عقدی درێژ خایەن لەگەل کۆمپانیا گەورەکانی جیهان وەک ( ئیکسۆن مۆبیل و گاز برۆم و تۆتاڵ ) و لەئیستاش دا ڕوز نەفت ، بەرژەوەندی زلهێزەکانی دونیایی هێنایە کوردستان و هاوپەیمانیەتیەکانی کوردستانی لە سەر بنەمای ڕێزگرتنەوە گۆڕی بۆ هاوپەیمانیەتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش .
ئیستا ئیدی کوردستان یش وەک کۆیت و سعودیە و قەتەر و ووڵاتانی تر پشتیوان و پارێزەری هەیە و هیچ هیزێکی ئەقلیمی ناتوانی پەلاماری بدات و ئەزمونەکەی لەبار بەرێت ، ئیدی ئەو نەوتەی کە لە ۹٠ ساڵی ڕابردوو دا بغدا بەکاری دەهێنا بۆ بێدەنگ کردنی دەوڵەتان لە ئاست جینۆساید و کیمیا باران و سوتاندنی خاکی کوردستان، کورد خۆی بەکاری هێنا بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی و پاراستنی خەڵکەکەی و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ .
هەر کەس و لایەنێک بەهەر بیانوویەک و بەزانین یان نەزانین دژی سیاسەتی سەربەخۆیی نەوت و بەستنی ریککەوتنی نەوتی بێت لەگەل جیهان ، ئەوە دژی سەربەخۆ بوونی کورد و ڕزگاربوونی کوردە لەژێردەستەیی و جینۆساید .