گۆڕان هیچ رێگایەكی لەبەردەم دانیە تەنها بەرەو بنەماڵەی نەبێت
خواكوڕك
بزووتنەوەی گۆڕان كە بزووتنەوەیەكی هەمەجۆڕ و فرە ئایدۆلۆژیە، پاش كۆچی دوایی نەوشێروان مستەفا، زۆرتری ئاماژەكان لەسەر ئەوەن گۆڕان بەچ ئاراستەیەك هەنگاو دەنێت، ئەمەش بۆتە پرسی بەشێكی زۆری چاودێرانی سیاسی، بەڵام لێدوان و بۆچوونی كادیرانی و ئەندامانی گۆڕانە كە تاوەكو ئێستاكە، واقیع حاڵی ناو بزووتنەوەی گۆڕان نازانن، پێداگری لەسەر ئەوە دەكەن، گوایە، گۆڕان مۆدێلێكی جیاوەزە و نابێتە بنەماڵەیی، بەڵام چاودێرێكی سیاسی دەلێت چۆن ئەم رۆژەم لێدیارە ئەوهاش دەزانم بەبێ جێگرەوەی كورەكانی نەوشێروان مستەفا، گۆڕان هیچی نامێنێت”.
ئیسماعیل رواندزی ، نووسەر و چاودێری سیاسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەلایەتی فیس بووك لەسەر چارەنووسی گۆڕان دەنووسێت” ئێستا، وەکچۆن هەموو بەیانییەک ڕۆژ دەبینم، ئەوا بەڕۆشنی لێمدیارە کە بزووتنەوەی گۆڕانیش بەرەو بنەماڵەیی دەڕوات. ئاخر لەناو قیادەی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕاندا، تەنانەت یەک کەسیش بوونی نییە کە بتوانێ نوێنەرایەتی “ڕیبازی نەوشیروان” بکات. بۆیە تاقە چارەسەر کە ماوەتەوە لەبەردەم بزووتنەوەی گۆڕان بۆ مانەوەی خۆی هاتنەپێشەوەی کوڕەکانیەتی. ڕەنگە بۆ زۆرکەس “بنەماڵەیبوونی حیزب” شتیکی سلبی بیت بەس بۆ من وانیە. بۆیە ئەم قسەیەی سەروەی من هیچ مانایەکیتر بێجگە لە پیشاندانی واقع و ئاراستەی حەقیقی ئێستاو داهاتووی گۆڕان هەڵناگرێ”.
لەبەرامبەردا هەڵسوڕاوێكی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە رووداوی راگەیاندووە، لەبارەی رۆڵی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەنێو بزووتنەوەی گۆڕان، گوتی “واقیعی كۆمەڵگەی كوردی هەندێك شت بەسەر كوڕەكانی كاك نەوشیرواندا فەرز دەكات، باوكیان نیو سەدە سیاسەتی كرد، ئەوانیش بەردەوام لەگەڵی بوون، بەشداریی كۆبوونەوەی سیاسیی زۆر و گرنگیان كردووە، بۆیە ئەوانیش بیانەوێ و نەیانەوێ تێكەڵی كاری سیاسی دەبن، بەڵام تاوەكو ئێستا بەهیچ شێوەیەك باسی بەشداری و وەرگرتنی پۆست لەنێو گۆڕان لەلایەن ئەوانەوە نەكراوە”.
هەروها گوتوویەتی چیا بە پێچەوانەی برا گەورەكەی (نما)، ئارەزووی بەشداریی سیاسی و جموجۆڵی كۆمەڵایەتی و تێكەڵبوونی لەگەڵ هەڵسوڕاوەكانی گۆڕان زیاترە، لەدوای تەواوكردنی خوێندنی، بەردەوام لەگەڵ باوكی بووە و رۆڵی سكرتێری تایبەتی بینیوە، لە زۆربەی دانیشتن و دیدارەكانی باوكی و نووسینەوەی یاداشتەكانیدا بەشدار بووە، رێكخستنی پەیوەندی و تەلەفۆنەكانی نەوشیروان مستەفا لە رێگای ئەوەوە بووە. لە زۆر كۆبوونەوەی شاندی باڵای گۆڕاندا لەگەڵ شاندی بیانی، بە تایبەتی ئەمریكی و بەریتانی بەشداری كردووە. ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان دەڵێ: “بەراورد بە نما، چیا مەیلی بۆ كاری سیاسی زیاترە”.
هەروەها چاودێرانی سیاسی پێان وایە نەك كورەكانی نەوشێروان مستەفا بەڵكو كوری برای نەوشێروان مستەفاش ئەگەری هاتنە پێشەوەی هەیە، چونكە پۆست گرینگ نیە لەناو گۆڕاندا، ئەوندەی دیمەنەكان گرینگە كە خراونەتە بەرچاوی دونیای دەرەوە و ناوەخۆی كوردستان كە دەبینرێت كە لەدیدارەكانی نەوشێروان مستەفادا( كورەكانی و كورە براكەی ) لەدیدارەكان ئامادە دەبوون بەتایبەت لە دیدارەكانی( نەوشێروان مستەفا و ئەمریكا و بەریتانیا) كە ئەمەش بەڵگەی روونی گرینگی پێدانی نەوشێروان بووە بەكورەكانی بۆ دوای خۆی”.