به‌ مه‌رسومی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم سه‌ربه‌ست له‌زگین ده‌ستبه‌كار بوو وه‌ك بریكاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌

خواكوڕك

(سه‌ربه‌ست له‌زگین) فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری شنگالی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، بوو به‌ به‌ریكار له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ شوێنی بریكاری پێشووی هه‌مان وه‌زاره‌ت (ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان).

(لیوا جەبار یاوەر) ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگه‌یاندوه‌ “رۆژی دووشەممە 5/6/2017 (سەربەست لەزگین) ئەندامی سەرکردایەتی پارتی و بەرپرسی میحوەری شنگال بە واژووی کەریم شنگالی و بە مەرسوومی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان وەک بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە دەستبەکاربوو، ناوبراو هاتۆته‌ شوێنی (ئه‌نوه‌ری حاجی عوسمان) بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌.

لەو دواییانەدا بە بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان چەند گۆڕانکاریێک لە وەزارەتی پێشمەرگەدا کرا، جگە لە سەربەست لەزگین، نەجات عەلی، بەرپرسی میحوەری مەخموور و ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بەرپرسی هێزەکانی یەکەی هەشتا دەستنیشانکرا، به‌پێی زانیارییه‌كانی خواكوڕك له‌ رۆژانی داهاتوو ده‌ستبه‌كارده‌بێت وه‌كو فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 80ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ بری (فه‌ریق شێروان).

Back to top button