دواین زانیاری لەسەر چۆنیەتی دەستكاری كردنی پاشەكەوتی مووچە و گۆڕانكاری تێیدا

خواكوڕك 

ئاراس خۆشناو سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆلینەوەی ستراتیژی كوردستان، بە رۆژنامەی باسی راگەیاندووە،لە ھەرێمی کوردستان کۆی ئەو پارەیەی بۆ مووچەی بنەڕەتی دەڕوات ٤٣% یە، بەڵام ٥٧%ی مووچە بۆ دەرماڵە جۆراوجۆرەکانە، بۆیە پێشنیازێک لە حکوومەت ھەیە کەوا مووچەی بنەڕەتی لەگەڵ ھەندێک دەرماڵەی جێگیر بدرێت، لەوانە دەرماڵەی خێزان و منداڵ و دەرماڵەی بڕوانامە”.

هەروەها دەشلێـ” پارەیەکی زۆر بۆ دەرماڵەکان دەڕوات، گوتیشی: ”لەو ٥٧%ی پارەی دەرماڵە ٣٠%ی پارەکە بۆ دەرماڵە پیشەییە جۆراوجۆرەکانە، بەشی زۆری ئەو دەرماڵە پیشەییانە بە بێسەروبەری دەدرێت و زۆرێکیان پێویست نین بدرێن، گوتیشی: ئێستا بە سیستەمی پاشەکەوت مانگانە ٦٢٠ ملیار دینار بۆ مووچە خەرج دەکرێت، ئەگەر سیستەمی پاشەکەوت ھەڵبگیرێت و تەنیا  مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان بە فەرمانبەران بدرێت، حکوومەت پێویستی بە ٦٥٠ ملیار دینار دەبێت و لە پاشەکەوت رزگاری دەبێت”.

هەروەها ئاراس خۆشناو دەشلێـ” ئەگەر حکوومەت ئەو پێنشنیازە بکاتە بڕیار، ئەو کاتە کۆی پارە بۆ مووچە ٣% زیاد دەکات و ئاشکرای دەکات، بەم سیستەمە حکوومەت چیتر ناکەوێتە ژێر قەرزی مووچەی پاشەکەوتی فەرمانبەران، کە ئێستا زیاتر لە ٩ تریلیۆن دیناری پاشەکەوتی مووچە قەرزاری فەرمانبەرانە، دەشلێـ” لە سیستەمی بایۆمەتریدا ٢٠ بۆ ٣٠ ھەزار دوومووچەیی نامێنێت و لەکۆڵ حکوومەت دەبێتەوە، بۆیە ئەگەر ئەو پێشنیازە جێبەجێ بکرێت، حکوومەت بەئاسانی و بەبێ کێشە دەتوانێت مووچە دابەش بکات.

هەر لە راپۆرتی رۆژنامەكەدا هاتووە، پێشووتر مەولود  باوەموراد، وەزیری گواستنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، دەستکاریکردنی مووچە و مەسەلەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان بەستراوەتەوە بە تەواوبوونی سیستەمی بایۆمەتری. لەبەرامبەر دا ئاراس خۆشناو پێیوایە، کاتی جێبەجێکردنی سیستەمی مووچە دابەشکردنی بە بایۆمەتری لە مانگی ٨ی ئەمساڵ دەبێـت و دەتواندرێت باشترین پێشنیاز بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە جێبەجێ بکرێت.

یوسف عەوێنەیی، سەرۆکی یەکێتیی فەرمانبەرانی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، یەکێک لە  پێشنیازەکانی دەستکاریکردنی مووچە، کە پێشنیازێکی بەھێزە، ئەویش ئەوەیە کە مووچەی فەرمانبەران لەسەر بنەمای مووچەی بنەڕەتی بدرێت و دەرماڵەکان ھەڵبگیرێن، گوتیشی: ”ئەگەر تەنیا مووچەی بنەڕەتی و ھەندێک دەرماڵە جێگیرەکان بە فەرمانبەران بدرێت، بەشی زۆری فەرمانبەران سوودمەند دەبن و حکوومەتیش قازانجیەتی و سیستەمی پاشەکەوتیش نامێنێ“.

 

بەپێی سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیران رۆژنامەكە”، چەند پێشنیازێک بۆ دەستکاریکردنی مووچە ھەیە، بەڵام بەھێزترینیان دەستکاریکردنی دەرماڵەکان و پێدانی مووچەی بنەڕەتییە، گوتی: ”لەدوای ئەوەی سیستەمی مووچە دەکرێـتە بایۆمەتری، زۆر شت روون دەبێتەوە، بۆیە دوای جێبەجێکردنی بایۆمەتری، ئەگەری دستکاریکردنی مووچە بەھێزترە، بۆ ئەوەی چیتر حکوومەت لەژێر باری قەرزی  پاشەکەوت نەمێنێتەوە، ئەو سەرچاوە دووپاتی کردەوە، بۆیە دەستکاریکردنی مووچە دواکەوتووە، چونکە حکوومەت قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و قەرزی بەڵێندەران و قەرزی قوتابییانی تواناسازی دەداتەوە.سەرچاوەکە دووپاتی کردەوە، لە مانگی ئەیلوولی داھاتوودا مووچە لەسەر سیستەمی تۆماری بایۆمەتری دابەش دەکرێت، پاشان پێداچوونەوە بە میلاکاتی دامەزراوەکانی سەر بە حکوومەت دەکرێت.

Back to top button