فەرماندەیەكی پەكەكە لەشنگال نەمتوانی بەردەوام بم لەخیانەت كردن لە نەتەوە و خاكی نەتەوەی خۆم

خواكوڕك
فەرماندەیەكی پەكەكە لە شنگال كە بۆ ماوەی پتر لە دوو ساڵ لەنێو پەکەکەدا کاری کردووە، چەندین پۆستی گرنگی پێ دراوە، دەلێت،لە نێوانی پەکەکە و حکوومەتی عێراقدا پەیوەندییەکی بەھێز ھەیە، لە بەغداوە چەک و مووچەمان بۆ دەھات. ئەو چەکەی بەغدا بۆ (پەکەکە)ی دەنارد، ھەمووی بە ناوی ئێزدییەوە دەھات، بەڵام پەکەکە ئەو چەکەی بۆ رۆژاوای کوردستان رەوانە دەکرد، ئەو مووچەیەی کە لە بەغداشەوە دەھات (٨٣٠) دۆلار بوو، بەڵام پەکەکە تەنیا (٤٠٠) دۆلاری وەک مووچە دەدا، بەم دواییەش مووچەکەی کردە (٣٠٠) دۆلار.
فەرماندەكەی پەكەكە كە لەشنگال وازی لە پەكەكە هێناوە، ناوی هەڤاڵ نایفە دەشلێـ” ھەر کارێکی خراپ لە دنیادا ھەبێت، پەکەکە کردوویەتی، ئێمە پێمان وابوو کە بۆ ئێزدیاتی کار دەکەین، بەڵام پەکەکە تەنیا بۆ مەرام و خواستی سیاسیی خۆی کاری دەکرد. لە کەرەس و ھەندێ ناوچەی دیکەی شنگال، پەکەکە تونێل و خەندەقی گەورەی دروست کردووە، ئامانجیش ئەوە بوو کە ئەگەر تووشی شەڕێکی گەورە ببن، ئەوا لە رێی تونێل و خەندەقانەوە لە شوێنی دیکەوە دەربچن. پاش ئەوەی راستیی پەکەکە لە شنگال بۆ من ئاشکرا بوو، ئیدی من نەمتوانی خیانەت و ناپاکی لەگەڵ خاکی خۆم و میللەتی کورد بکەم، جا لەبەر ئەوە بوو من ریزەکانی پەکەکەم جێ ھێشت و خۆم گەیاندە نێو ریزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە.
هەڤاڵ نایف درێژە بەقسەكانی دەدات و دەشلێـ” رۆژانە رووی راستەقینەی پەکەکەم بۆ دەردەکەوت، پاش ئەوەی بۆ ماوەی پتر لە دوو ساڵ لەنێو ریزەکانی پەکەکەدا مامەوە، پەکەکە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش رێککەوتنی کرد، سەبارەت بەوەی تیرۆریستانی داعش لە ھەندێک دەڤەری بن دەسەڵاتی خۆیان پاشەکشە بکەن، تا لەم رێیەوە پەکەکە کوردی ئێزدی رازی بکات. ئەم کارەی پەکەکە بۆ من گەلێک ناخۆش بوو، کاتێک پەکەکە لەگەڵ تیرۆریستانی داعش رێککەوتنی کرد و داوای لە ئێمەش کرد دژی ھەرێمی کوردستان و پێشمەرگە کار بکەین، ئەم شتە بووە ھۆی ئەوەی دەست لە پەکەکە ھەڵگرم و لێیان دوور بکەومەوە.
حەجی نایف گوتیشی: ئەگەر پەکەکە لە شنگال بمێنێتەوە، ئەوا کارەساتێکی خراپتر لەوەی تیرۆریستانی داعش بەسەر ئێزدیدا دێنێت، چونکە پەکەکەش ژن و منداڵ و کچانی رفاندووە و رەوانەی قەندیلی کردوون بۆ مەشقکردن و کاری خۆی، پەکەکە بە ھیچ شێوەیەک بۆ بەرژەوەندیی ئێزدیان نەھاتووەتە شنگال، ئەوان ئامانجی سیاسی و مەترسیداریان ھەیە، شنگال رووبەڕووی فەرمانێکی دی دەکەنەوە.