نامەی وەزیری بەرگری ئەمریكا گەێنرایە بارزانی

 

خواكوڕك 

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٥/٦/٢٠١٧ لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێڵ، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری کۆبوویەوە، کە پێکھاتبوو لە جەنەڕاڵ تاونسێند، فەرماندەی گشتیی ھێزی ھاوپەیمانەکان لە عێراق و سووریا، ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکاری سوپا و باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.

لە دیدارەکەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا، ناوەڕۆکی نامەی وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بۆ بارزانی خستەڕوو، کە تێیدا پشتیوانیی ھێزی پێشمەرگە لە لایەن ئەمریکا دووپات کراوەتەوە، ھەروەھا وەزیری بەرگری سوپاسی خۆی ئاراستەی بارزانی و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ سەرکەوتنەکان لەدژی داعش و ھەماھەنگی لەگەڵ سوپای عێراق کرد.
ھەروەھا لە درێژەی قسەکانیدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمریکا، ئاماژەی بەوەدا کە بەبێ پێشمەرگە و ڕۆڵی بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە مەحاڵ بوو کە لەدژی تیرۆریستانی داعش سەرکەوتن بەدەست بھێنرێت.
ئەوەشی خستەڕوو کە ھێشتا ئاستەنگی زۆر لەبەردەم ئێمەیە و شەڕی تیرۆر ماوە، بۆیە پێویستیمان بە ھەماھەنگی و ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانە.

لەبەرانبەردا مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، سوپاسی ئەمریکای بۆ پاڵپشتیکردنی ھێزی پێشمەرگە کرد، لە گوتەیەکدا ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی مەیدانیی بەرەکانی شەڕ و ئەوەی دووپات کردەوە کە بەر لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، ھەرێمی کوردستان داوای کرد کە پلانی سەربازی و پلانی سیاسی و ئیداری بە یەکەوە ھەبێ، چونکە پێشبینیی سەرھەڵدانی کێشەی تازە دەکرا، بەڵام جێگەی داخە کە کار بۆ پلانی سیاسی و ئیداریی قۆناغی دوای داعش نەکراوە.

پەیوەست بە بارودۆخی ڕۆژئاوای مووسڵ و باشووری شنگال، بارزانی ئاماژەی بەوەدا ئەگەر ئامانجی جموجۆڵەکان شەڕی تیرۆریستانی داعش بێت کێشە نییە، بەڵام ئەگەر ھەوڵ ھەبێت بۆ پیادەکردنی ئەجێندای تر جگە لە شەڕی تیرۆر، ئەوە گرفتی گەورەتر سەرھەڵ دەدات و دەبێتە ھۆی لەدەستچوونی دەستکەوت و سەرکەوتنەکانی دژی تیرۆر.
بارزانی ئەوەشی بە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە ڕاگەیاند بە ھیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ نییە، ھێزێک سنووری کوردستان ببەزێنێ و بیەوێت ئیرادەی خۆی فەرز بکات، جەختیشی لەوە کردەوە کە خەریکە ئەو ھۆکارانەی کە بوونە ھۆی سەرھەڵدانی داعش دووبارە دروست ببنەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکان، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، وێڕای نیشاندانی ڕەزامەندیی خۆی لە ھەماھەنگی نێوان ھێزی پێشمەرگە و ھێزەکانی سوپای عێراق، ئاماژەی بەوەشدا کە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان، ئەمریکا و حکوومەتی عێراق، بڕیار بوو کە ھەموو لایەک پابەندی ئەو خاڵانە بن کە بۆیان دیاری کراوە، ڕێککەوتنیش لەسەر ئەوە کرابوو کە پێشمەرگە و سوپا، ھێزێکی ھاوبەش پێک بھێنن بۆ پاککردنەوەی باشووری شنگال و ڕۆژئاوای تەلەعفەر لە تیرۆریستان، سوپای عێراق سەرقاڵی شەڕی موسڵ بوو، پێشمەرگەیش پابەندی ڕێککەوتنەکە بووە و بەھۆی ڕێککەوتنەکە جووڵەی نەکرد، لەم نێوەدا حەشد بەبێ ھەماھەنگی لەگەڵ ھیچ لایەک جموجۆڵی لەو ناوچانە دەست پێکرد و لە ئەنجامدا دۆخێکی ئاڵۆز خوڵقێندراوە، ئەم دۆخەش سەلمێنەری ئەوەیە کە نیگەرانییەکانمان لە نەبوونی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداری لەشوێن خۆی بووە.

جێگەی ئاماژەپێدانە لەم کۆبوونەوەیەدا محەمەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیستی دیموکراتیی کوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی ھێزەکانی پاراستنی ھەرێمی کوردستان و ژمارەیەک بەرپرسی سەربازی و سیاسیی ھەرێمی کوردستان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

Back to top button