بارزانی لەبارەی هیندستان چی بەجێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گووت

خواكوڕك 
ئەمرۆ سێشەممە 7ـی 6ـی 2017، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا رایگەیاند، لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ئەممار شینا جێگری وەزیری دەرەوەی هێندستان بۆ كاروباری ئابووری و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو پڕادیپ سینگ ڕاجپور باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و دیپاك مەگلانی كونسوڵی هێندستان لە هەولێر.
 
هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە دیدارەكەدا جێگری وەزیری دەرەوەی هێندستان بۆ كاروباری ئابووری خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەردانی بۆ كوردستان نیشان دا و ویستی وڵاتەكەیشی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، هەورەها لە بەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕێز و ستاییشی خۆیشی بۆ گەل و شارستانیەتی هیندستان نیشان دا و ڕۆشناییشی خستەسەر خەباتی گەل و گەورە پیاوانی هیندستان بۆ گەییشتن بە ئازادی. ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە جۆراوجۆرەكان لەگەڵ وڵاتی هیندستان ڕاگەیاند.
 
لەكۆتایی راگەیاندراوەكە دا هاتووە، هەر لەم دیدارەدا بە دوورودرێژی باس لە هەڕەشەكانی هزری تیرۆر و توندڕۆیی لە سەر ئاستی جیهانی و ناوچەیی كرا و بیروڕایش لەبارەی چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئاڵوگۆڕ كرا. لە تەوەرێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی موسڵ و شەڕی تیرۆر لە عێراق تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بۆ نەهێشتنی یەكجارەكیی داعش پێویستە كە ئەو هۆكارانە نەهێڵدرێن كە بووەتە هۆی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر لە عێراق، ئەوەیشی خستەڕوو كە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستی بە هەوڵێكی هەمەلایەنەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و دەبێ شەڕی ئایدیۆلۆژیای تیرۆریش بكرێت و تەنیا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئەمنی بۆ لەناوبردنی تیرۆر كافی نییە.
Back to top button