محەمەدی حاجی مەحموود : ڕیفراندۆم پێویستی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان نییە
خواكوڕك
دوای ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان داوەتنامەی ئاراستەی سەرجەم حزبەكانی كوردستانكرد بە مەبەستی كۆبوونەوە كە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت بۆ تاو توێكردنی قۆناغەكانی سازدانی ریفراندۆم, سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ڕای دەگەیەنێت، بەشداری لە كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەكەن، ئاماژە بەوەش دەدات، كە پرسی ڕیفراندۆم پێویستی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان، نییە.
محەمەدی حاجی مەحمود، سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، ڕاگەیاند :” بۆ كۆبوونەوەكەی سبەینێی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بانگهێشتكراوین و بەشداری تێدا دەكەین”.
گوتیشی “بە وردی لە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ئاگادار نەكراوینەتەوە بەڵام پەیوەندی بە پرسی ڕیفراندۆمەوە هەیە”.
جەختیشی كردەوە، كە ئەگەر پێش پرۆسەی ڕیفراندۆم، پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە، ئەوە كارێكی باشە، گوتیشی :” بەڵام زەحمەتە بەو ئاڵۆزییە سیاسییەی هەیە، پەرلەمان كارابكرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕیفراندۆم پێویستی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان نییە، چونكە پرۆسەیەكی جێبەجێكارییە و لەلایەن حكوومەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت”.
وا بڕیارە سبەی چوارشەممە، كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە سەڵاحەدین، بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ببەسترێت، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای دەكا، كۆبوونەوەكە بۆ كۆدەنگیی نیشتمانیی لایەنەكان و دیاریكردنی رۆژی ریفراندۆمە، كە وا بڕیارە لە ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت.