زێباری گومان دەخاتە سەر سەردانەكەی جبووری بۆ قەتەر

خواكوڕك
دوای ئەوەی پەیوەندیەكانی نێوان قەتەر و چەند وڵاتێكی عەرەبی لە ناوچەكە گرژیان تێكەوت, بە جۆرێك زیاد لە پێنج وڵات پەیوەندیەكانیان لەگەڵ قەتەر هەلپەسارد, لەو بارەیەوە هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی و وەزیری پێشووی دارایی عێراق گومان دەخاتە سەر سەردانەكەی سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ قەتەر، كە تیایدا لەگەڵ ئەمیری قەتەر كۆبووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە كاتێكی سەیر و گوماناویدا بووە.

زێباری لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا نووسیویەتی سەردانەكەی جبووریی بۆ شاری دەوحەی قەتەری و دیداری لەگەڵ ئەمیری قەتەردا، هەر ئاوایی بەسەریدا تێپەڕی.

هەروەها جبووری بە “ئیخوانچی” وەسف دەكات و دەشڵێ “ئەم سەردانەی جبووری هاوكاتی گەردەلوولی كەنداوە لە دژی قەتەر، كە لە ڕووی دیبلۆماسی و بازرگانی و ئابوورییەوە بەهۆی سیاسەتە نالەبارەكەی لەگەڵ ئەنجوومەنی وڵاتانی هاریكاری كەنداو بەسەریدا هاتووە، بە تایبەتیش بەهۆی پشتیوانیكردنی لە بزوتنەوەی ئیخوانی موسلمین”.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێ پرسیارە شەرعیەكە ئەوەیە كە داخوا جبووری لە دەوحە چی دەكرد؟ ئایا دەوێ نێوەندگیری بۆ هێوركردنەوەی تەنگژەی كەنداو بكا؟ یان بۆ دیدارە لەگەڵ عێراقییەكانی ئەوێ بە مەبەستی ئاشتەوایی؟ یاخود بۆ داواكردنی پارە لەوێیە بۆ خۆی و حزبەكەی بە مەبەستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق؟ ئەم سەردانە لە كاتێكی خراپ و ئامانج و مەبەستێكی ئاشكرایە.
دوێنێ دووشەممە لەبڕیارێكدا، ھەریەك لەوڵاتانی (سعودیە، ئیمارات، میسر، بەحرین، یەمەن و لیبیا) ھەموو پەیوەندییەكی ئابووری و دیپلۆماسییان لەگەڵ قەتەردا پچڕاند، ھۆكارەكەیشی هەروەك ئەو دەوڵەتانە رایانگەیاندووە، “پاڵپشتیكردنی قەتەرە لە گروپە جیھادییە توندڕەوەكان”.

Back to top button