كۆمەڵ شەش كورسیەكەشی دابەش دەبێت

خواكوڕك 

باڵێکی پەڕگیر لە کۆمەڵی ئیسلامیدا سەرھەڵدەدات و لە دژی ئەگەری یەکلیستیی حزبەکەیان لەگەڵ دوو ھێزە ئیسلامییەکەی دیکە دەوەستنەوە، ئەو باڵە لەگەڵ ئەوەدان کۆمەڵی ئیسلامی نزیکیی خۆی لە گۆڕان لەدەست نەدات

رۆژنامەی باس لە زاری سەرچاوەیەك ئاشكرای كردووە، ئێستا باڵێکی پەڕگیر لەناو کۆمەڵی ئیسلامی سەری ھەڵداوە و لە دژی ئەگەری یەکلیستیی حزبەکەیانن لەگەڵ دوو پارتە ئیسلامییەکەی دیکە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا، ئەو باڵە مەیلی بەلای گۆڕاندایە و پێیوایە دەبێت کۆمەڵی ئیسلامی لە گۆڕان نزیک بێت، نەک لە یەکگرتووی ئیسلامی.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، ئەو باڵە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایەڵە و چەند ژوورێکی چاتی لەگەڵ کادیرانی کۆمەڵی ئیسلامی دروست کردووە و ھانیان دەدات لە دژی یەکلیستیی حزبەکەیان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی، بوەستنەوە. ئەو باڵە پێیوایە کۆمەڵ لە نزیکبوونەوەی لە سیاسەتی گۆڕان قازانجی کردووە و توانیویەتی جەماوەرێکی زۆری یەکگرتوو، بەتایبەتی لە سلێمانی بۆ خۆی رابکێشێت.

ئەو سەرچاوەیە راشی گەیاند، لەگەڵ ئەوەدان کۆمەڵی ئیسلامی بە ھەموو شێوەیەک لە یەکلیستی و کاری ھاوبەش لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی دوور بکەوێتەوە، بەڵام خەتاکە بخاتە سەر یەکگرتووی ئیسلامی.

سەرچاوەکە ئاشکراشی کرد، یەکێک لەو ژوورانە لەلایەن ھاوژین عومەر، کادیری کۆمەڵی ئیسلامیی نزیک لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

Back to top button