هەڵمەتی پشتگیری كردن لە ریفراندۆم دەستی پێكرد, نەجمەدین كەریم داوا لە خەلكی كەركوك دەكات دەنگ بە ریفراندۆم بدەن
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیار درا 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆم بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردسان ئەنجامبدرێت, پارێزگاری كەركووك لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، داوا لە هەموو پێكهاتەكانی كەركووك دەكەم دەنگ بە گشتپرسی بدەن و راشیگەیاند “بڕیاری ئەنجامدانی گشتپرسی گرنگ بوو”.
نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك لەبارەی كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان و دیاریكردنی رۆژی ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری كوردستان راگەیاند “پیرۆزبای لە خەڵكی كوردستان دەكەم، ئەو بڕیارەی لەبارەی گشتپرسییەوە داراوە بۆ ئێمە گرنگە، چونكە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان دەكرێت و بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لێدەكەین”.
پارێزگاری كەركووك گوتی “گشتپرسی هی هیچ حیزبێكی كوردستان نییە، دەبێت سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بەشداری لە گشتپرسی كوردستان بكەن و داواش لە سەرجەم پێكهاتەكانی كەركووك دەكەم دەنگ بە گشتپرسی بدەن”.
لەبارەی بەشدارینەكردنی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری كەركووك گوتی “بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵ پشتوانی خۆیان دەربڕیووە، بەڵام لەوەیە كۆمەڵێك تێبینیان هەبێت، بۆیە ئەركی سەرشانی هەموو لایەكە بەتایبەتی پارتی و یەكێتی نیگەرانی ئەوان بڕەوێننەوە”.
رۆژی چوارشەممە 7-6-2017، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان كۆبووەوە و دوای كۆبوونەوەكەش رۆژی 25-9-2017ـیان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی باشووری كوردستان راگەیاند و لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا كە لەكاتی خۆیدا (11-2017)، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان بكرێت.