ئێزیدی و كریستیانەكانی كوردستان ریفراندۆم بە هەلێكی زێڕین دەزانن

خواكوڕك

دوای ئەوەی دوێنێ‌ 7/6/2017 سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان, كۆمسیۆنی باڵای هەلبژاردن و راپرسی هەرێمی كوردستانی راسپارد بۆ سازدانی ریفراندۆم لە بەرواری 25ی ئەیلولی ئەمساڵ, هەریەك لە پێكهاتەكانی كوردی ئێزیدی و كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دووپات دەكەنەوە و ٢٥ی ئەیلولی ئەمساڵیش بە رۆژی بڕیاردان لەسەر ئایندەی خۆیان ناو دەبەن.

زۆرینەی پێكهاتەكانی كوردی ئێزیدی و كریستیانەكان لە هەرێمی كوردستان شوێنی نیشتەجێبوونیان دەكەوێتە ناوچە كێشە لەسەرەكان، كە لە دەستووری عێراق بە مادەی ١٤٠ دەستووری ناودەبرێ، ئەو پێكهاتانەش دەیانەوێ لە ڕێگەی دەنگدانەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.

شێخ شامۆ نوێنەری پێكهاتەی كوردانی ئێزیدی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند “ریفراندۆم رۆژی بڕیاردانە لەسەر چارەنووسی خۆمان و رۆژی رێگریكردنە لە دەستێوەردانە دەرەكییەكانی ناوچەكە، بۆیە ئێمە وەك كوردی ئێزیدی وەك هەر پێكهاتەیەكی دیكەی هەرێمی كوردستان لە ریفراندۆم دەنگ بە بەڵێ دەدەین”.

شێخ شامۆ ئاماژە بەوە دەدات كە مانەوەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی پێكهاتەی كوردی ئێزیدی و هەموو پێكهاتەكانی دیكەدایە، وەك خۆی دەڵێ “لەمێژە چاوەڕوانی ئەو رۆژە دەكەین كە بڕیار لەسەر مانەوەی خۆمان بدەین لەژێر ئاڵای كوردستان، چونكە ئێمە بەشێكی گرنگی كوردستانین و بە هیچ شێوەیەك بەشێك نین لە عێراق، چەندین ساڵە عێراق و حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی ئەو وڵاتە جگە لە كۆمەڵكوژی و جینۆساید هیچی دیكەی لێ بەرهەم نەهاتووە، بۆیە دەمانەوێت بە پرۆسەی ریفراندۆم رێگری لە دووبارە بوونەوەی كارەساتەكان بكەین”.
شێخ شامۆ گوتیشی “متمانەی تەواومان بە خەڵكی خۆمان هەیە كە چارەنووسی خۆیان یەكلایی دەكەنەوە و پاڵپشتی سەرخستنی پڕۆسەی ریفراندۆم دەكەن، چونكە ئەگەر كوردی ئێزیدی بڕیارێكی هەڵە بدەن و پێچەوانەی ریفراندۆم كاربكەن، ئەوكات بە درێژایی مێژوو كارەسات و كۆمەڵكوژكردن بەسەر ئێمەی ئێزدی دووبارە دەبێتەوە و مافەكانمان پارێزراو نابێت”.
ئەو نوێنەرەی كوردانی ئێزیدی لە پەرلەمانی كوردستان ریفراندۆم بە هەلێكی باش دەزانێت بۆ رێگری كردن لە دەستوەردانی گرووپی پەكەكە و لقەكانی سەر بە پەكەكە و دەشڵێت “هەر كاتێك هاووڵاتییانی سنووری شنگال دەنگی خۆی خستە پاڵ دەنگی دەنگی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و لە ریفراندۆم بڕیاری لەسەر چارەنووسی خۆیدا و داوای سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی كرد، ئەو كات دەسەلمێندرێت كە بوونی پەكەكە لە شنگال و سنوورەكە زۆردارییە، نەك خواستی خەڵكی شنگال، جا بۆیە داواكاریم لە كوردانی ئێزیدی ئەوەیە ئامادەكارییەكی تەواو بكەن بۆ ئەو رۆژە گرنگە”.
بە هەمان شێوە واحیدە یاقۆ نوێنەری كریستیانەكان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند “پێكهاتەی كریستیانەكان بە كلدان و ئاشوورییەكانەوە دەنگیان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ریفراندۆمە، چونكە لای هەمووان ئاشكرایە كە ریفراندۆم چارەنووسی ئێمە دیار دەكات و مافێكی رەوای گەلی كوردستانە بە هەموو پێكهاتەكانەوە”.
یاقۆ ئاماژەی بەوەدا “دوای سەركەوتنی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دۆخی دارایی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بە پێكهاتەی كریستیان و پێكهاتەكانی دیكەی هەرێم بەرەو باشتر هەنگاو دەنێت، تا ئێستا لە بەشێكی زۆری مافە رەواكانی خۆمان بێبەش بووینە، چونكە خاوەن وڵاتێكی سەربەخۆ نەبووینە”.
دەشڵێ “ئەركێكی ئەخلاقی و مرۆیی لەسەر شانی ئێمەیە پڕۆسەی ریفراندۆم سەربخەین، چونكە جگە لەوەی چەندین ساڵە هەرێمی كوردستان خزمەتی كریستیانەكان دەكات، زیاتر لە دوو ساڵیشە ئەگەر هەرێمی كوردستان نەبووایە هیچ وڵاتێكی ناوچەكە ئامادە نەبوو بە هانای ئاوارە كریستیان و ئێزیدی تەنانەت عەرەبەكانیشەوە بێت، هەر هەرێمی كوردستان بوو دەرگای بەڕووی ئاوارەكان كردەوە و هەر پێشمەرگە بوو بە جوانترین شێوە پێشوازی لە ئاوارەكان كرد، ئەمانە بەڵگەن كە پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان مافییان پارێزراوە”.

Back to top button