ڕاگەیاندراوێكی یەكێتی: بەشداریكردنی شاندەكە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بووە

خوا كوڕك

ئەو شاندەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە دوێنێ (چوارشەممە 7/ 6/ 2017) بەشداری لە كۆبوونەوەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی كرد، ڕاگەیاندراوێك بڵاو دەكاتەوە و تێیدا جەخت دەكرێتەوە، كە بەشداریكردنیان بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، بووە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا، كە وێنەیەكی دەست (خواكوڕك) كەوتووە، هاتووە :” دوێنێ سەعات (2:30) لە دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم، بەسەرپەرشتی بەڕێز مەسعود بارزانی، كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بۆ پرسەكانی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردن، ئەنجامدرا.. جگە لەپەسەندكردنی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا، هەروا (25/9/2017) بۆ ئەنجامدانی راپرسی باشووری كوردستان، لەپێناو سەربەخۆیدا بڕیاری لێدرا”.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا، شاندەكە ئەوە ڕوون دەكاتەوە، كە :” هەروەكو كۆبوونەوەكانی پێشتر، وەفدی یەكێتیی، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، داكۆكییەكی بێ تەمومژی لەسەر گرنگی و كاریگەری كاراكردنەوەی پەرلەمان كردەوە. خۆشبەختانە، زۆربەی لایەنەكانی بەشدار، هەمان هەڵوێستیان هەبوو. سەرەنجامی گفتوگۆیەكی بەرپرسانە كۆبوونەوە پەسەندی كرد، كە: پەرلەمان كارا بكرێتەوە و دەستبەجێ لەدوای كۆبوونەوەش، هەوڵی بۆ بدرێ”.

بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە، بڕیارە، لەهەفتەی ئاییندە، شاندی یەكێتیی لەگەڵ پارتیدا لەسەر نەخشە رێگەی یەكێتیی كۆ ببنەوە.

جەخت كراوەتەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا، رایدەگەیەنین، كە :” مادام وادەی ڕیفراندۆم دیاری كرا، ئیتر پێویستە پەرلەمانیش كارا بكرێتەوە، هەتا رێكارە یاساییەكانی ریفراندۆم و هەڵبژاردن و هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردنیش، بخرێتە بەرنامەی پەرلەمانەوە. شایانی باسە، ئێستا دەتوانین بڵێین گەشبینین بەهاوكاری هەموو لایەنەكان، پەرلەمان كارا بكرێتەوە، دیارە بەكاراكردنەوەی پەرلەمانیش، قۆناغێكی دژواری پەیوەندی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كۆتایی دێت و دڵی گەلەكەمان و پشتیوانانیشمان خۆش دەبێ، بەڵكو نەیارانیش، بەخۆیاندا بچنەوە”.

Back to top button