كاردانەوەو پاڵپشتی هیزە سیاسییەكان و پێكهاتە كۆمەڵایەتیەكان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم

خواكوڕك
دوای ئەوەی دوێنێ سەرۆك بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پیرمام لەگەڵ حزبە سیاسییەكان جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كۆبونەوەی ئەنجام داو بڕیاردارا كە لە ماوەی هەفتەیەكدا واتە هەتا بەرواری 12 ی 6 ی 2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەریان بۆ بەشداری لە دروستكردنی چەند كۆمیتەیەك تایبەت بە ڕیفراندۆم دیاری بكەن ، لە دوێنێ وە ئەم پرسە كاردانەوەی پشتیوانی بە دوای خۆیدا هێناوە .
هەریەكە لە پێكهاتەكانی ئێزیدی و كریستیانەكانی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دوپات كردەوەو 25ی ئەیلولی 2017 بە رۆژی بڕیاردران و ئایندەی خۆیان ناودەبەن .
“شێخ شامۆ ” نوێنەری پێكهاتەی كوردانی ئێزیدی لە پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند ” ڕیفراندۆم ڕۆژی بڕیاردانە لەسەر چارەنووسی خۆمان و ڕۆژی ڕێگریكردنە لە دەستێوەردانە دەرەكیەكانی ناوچەكە بۆیە ئێمە وەك كوردی ئێزیدی وەك هەر پێكهاتەیەكی تر لە كوردستان لە رۆژی ریفراندۆم دەنگ بە بەڵێ دەدەین ” .

هەروەها سەرۆكی هۆزی جبور لە پارێزگای كەركوك “شێخ مەسرور ناجی ” ڕایگەیاند ” ئێمە وەكو عەرەبەكانی كەركوك دڵخۆش بووین كە دواجار ڕۆژێك دەستنیشان كرا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئیمەش لە كەركوك دەتوانین دەنگ بۆ ئەو ریفراندۆمە بدەین و لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمداین ، ئیستا عیراق حكومەتێكی شیعەیە و لەگەڵ مافی ڕەوای هیچ پێكهاتەیەكدا نییە “.
لای خۆیەوە ” عیرفان كەركوكی ” سەرۆكی پارتی گەلی توركمانیش لە ئەنجومەنی پاریزگای كەركوك ڕایگەیاند ” كۆبونەوەی دوێنێ چوارشەمە 7ی6ی2017 بە سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كۆبونەوەیەكی مێژووی بوو ، لەبەر ئەوەی رۆژێكیان دەستنیشان كرد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆی باشوری كوردستان “.

“ئانۆ عەبدۆكە ” چالاكوانی مەسیحی و سریانی لەم بارەیەوە بە (خواكوڕك ) راگەیاند ” خەڵكی كلدان و مەسیحی و سریان بڕیاری خۆیان داوە بە بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم ، ئەم پێكهاتانە لە مێژە وەكو برا لە كوردستان ژیاون دەشیانەوێت چارەنوسیان لەگەڵ كوردستانی سەربەخۆو ئارامدا بێت “.
لەنێو شەقامی كوردیدا و لە نێو حزبە كوردستانیەكانیش دەنگدانەوەیەكی زۆری بە دوای خۆیدا هێناو هەرحزبەو لە ڕێگەی وتەبێژو سەركردەكانیانەوە پاڵپشت و پشتیوانی پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بوون جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی كە دوو ڕووی دراوێكن و خواستی بەشداربوونیان لە پرۆسەكەدا نییە و بەشداری كۆبونەوەی دوێنێ لە پیرمام تایبەت بە پرۆسەی رێفراندۆمیان نەكرد .

Back to top button