فراكسیۆنی پارتی: بڕیاری ڕیفراندۆم بڕیارێكی مێژووییە و پاڵپشتی سەرخستنی دەكەین

خواكوڕك
فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لە بارەی ڕیفراندۆمەوە بەیاننامەیەك دەردەكات و تێیدا ڕادەگەیەنرێت، كە بە شانازیەوە پاڵپشتی خۆیان بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دوپات دەكەنەوه.

لە بەیاننامەكەدا، كە وێنەیەكی بۆ (خواكوڕك) نێردراوە، هاتووە :” گەلی كورد و كوردستانیان مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن و بە بەڵێ كۆتایی بە قوربانیدان و ئەنفال و كیماباران و خوێن رێشتن و قوت بڕینی خەڵك بێنن”.

جەختیش دەكرێتەوە، كە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، كە لە 25/ 9/ 2017 بەڕێوە دەچێت، بڕیارێكی مێژووییە و پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی و یەكرێزی دەتوانن ئامانجە ڕەواكانی گەلی كورد و كوردستانیان بێننەدی.

دەقی بەیاننامەكە:

بەیاننامەی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە وادەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان.

لە رێكەوتی (٧/٦/٢٠١٧) و لە رۆژێكی مێژووییدا و لە كۆبوونەوەی پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەرێز (مەسعود بارزانی) رێكەوتی(٢٥/٩/٢٠١٧) وەك وادەی ئەنجام دانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دیار كرا.

ئێمە وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەم بڕیارە چارەنوسسازە دڵخۆشین و بە شانازیشەوە پاڵپشتی خۆمان بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دوپات دەكەینەوه.

گەلی كورد و كوردستانیان مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنوسی خۆیان بدەن و بە بەڵێ كۆتایی بە قوربانی دان و ئەنفال و كیماباران و خوێن رێشتن و قوت بڕینی خەڵك بێنن.

ئەمە بڕیارێكی مێژووییەو پارت و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بە یەكگرتوویی و یەكرێزی دەتوانن ئامانجە ڕەواكانی گەلی كورد و كوردستانیان بێننەدی، ئەمەش لە پێناو ئەوەی خوێنی شەهیدانمان و خەبات و بەرخودانی پێشمەرگە ئازیزەكان و گەلی كورد و كوردستان بە فیڕۆ نەڕوات.

فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

٨/٦/٢٠١٧

Back to top button