بارزانی لەسەنگەرەكانی پێشمەرگە بوو

خواكوڕك

بەگوێرەی هەواڵێكی مالپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 8ـی 2016 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان لە میحوەری خازر و هەروەها سەرپەرشتیكردنی ئۆپڕاسیۆن و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەو میحوەرەدا سەردانی سەنگەرەكانی پێشمەرگەی كرد.

لە هەواڵەكەدا هاتووە، لەم سەردانەدا سەرۆك بارزانی سەنگەر و بنكە و بارەگاكانی پێشمەرگەی لە هێڵی پێشەوەی بەرەكانی شەڕ بەسەر كردەوە و هەواڵی بارودۆخ و گوزەرانی پێشمەرگەی لە میحوەری خازر پرسی و بۆ تاوتوێكردنی دوا پێشڕەویی و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لەگەڵ پێشمەرگە و فەرماندەكانی هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ مەخموور كۆبۆوە.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا فەرماندەكان وردەكاریی پێشڕەوەیی هێزی پێشمەرگە و زیانەكانی دوژمنیان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد و ڕایانگەیاند كە ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە و دوژمن تووشی شكستێكی گەورە هاتووە و هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئۆپڕاسیۆنەكەدا سەرجەم ئامانجە دیاریكراوەكانی خۆی لە میحوەری خازر بەدەست هێناوە. لە بەشێكی دیكەی سەردانەكەدا سەرۆك بارزانی دەستخۆشی لە فەرماندە و هێزە بەشداربووەكانی ئۆپڕاسیۆنەكە كرد و سوپاسی قاڕەمانێتی و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كرد و سەرەخۆشیشی لە كەسوكار و خانەوادەی شەهیدان كرد و هیوای چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست، هەروەها ئامۆژگاریی و ڕێنوێنیی پێویستیشی بۆ فەرماندەكانی میحوەری خازر و گوێڕ مەخموور خستەڕوو.

شایانی باسە، سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەكشەممە 14ـی 8ـی 2014 پێشمەرگەكانی هەردوو میحوەری خازر و گوێڕ مەخموور بە مەبەستی ئازادكردنی گوندەكانی نێوان وەردەك گوێڕ لە ئۆپڕاسیۆنێكدا بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان هێرشیان كردە سەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش و یازدە گوند لەو ناوچەیە ئازاد كرا و ئۆپڕاسیۆنەكە بە سەركەوتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەرجەم ئامانجەكانی خۆی بەدەست هێنا.

Back to top button