ڕیفراندۆم بەرەو پێشەوەچوونە مەزنەكە
ئازاد جندیانی
ئەو كۆبوونەوەیەی چوارشەممەی ڕابردوو بەبەشداری زۆرینەی حزبەكانی كوردستان ئەنجامدراو ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم تیایدا دەست نیشان كرا، بەكۆبوونەوەیەكی مێژوویی ئەزانم، چونكە ئیتر مەسەلەی ڕیفراندۆمی لە دوڕیانی كردن و نەكردن، بەئاراستەی ئەنجامدان دەربازكرد.
گرنگی دوەمیشی ئەوەیە كە لایەنە بەشدارەكان نوێنەرایەتی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكان و هەروا نوێنەرایەتی ڕەوت و ئاراستە علمانی و ئیسلامی و كریستانیەكانیان ئەكرد، بەلای منەوە گرنگی هەرە بەرچاوی كۆبوونەوەكە و بڕیارە سەرەكیەكەی ئەوەبوو، كە ئەولەویەتی ئەم قۆناخەی كوردستانی ساغ كردەوە، بەوەی كە وێڕای هەبوونی كێشەو قەیرانی جدیش، كەئەبێ بەقەدەر جدیەتی كێشەكان كاربۆچارەسەریان بكرێ، مەسەلەی ڕیفراندۆم وەك هەنگاوی یەكەم و بنەڕەتی بۆسەربەخۆیی لەگێژەنی ئاڵۆزكانی ڕیزبەندییەكان قورتار بوو.
ئەزانم كەهێشتا ناڕەزایەتی و سەرنج و سیاسەتی پێچەوانە هەن و كەم و زۆر، نەرم یان ڕەق تەعبیر لە ناڕازی بوون و ناكۆك بوون لەگەڵ ستراتیژی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی ئەكەن، هەرچەندە منیش و سەدان هەزارو بگرە بە ملیۆنانیش لەگەڵ ئەوناڕازی بوونەدانین، جا بەهەر بیانوو پاساوێك بێت و هەر لەڕوانگەی پەرۆشیش بۆ ئەوكەس و لایەنانە و پەرۆشی بۆ ئەودەرفەتەی بۆ بونیاد نانەوەی یەكڕیزی ڕەخساوە، داویان لێ ئەكەم، ناڕازیبوونیان بگۆڕن بە ڕازیبوون و لەناو بەرەكەدا كاربۆ بۆچونەكانیان بكەن و بڕوابەوەبێنن، كە ئەولەیەت بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆییە و بیخەنە دەرەوەی گەمەسیاسیەكانەوە.
لێرەدا وەختییەتی كە ڕووناكبیرانی هەردوو بەرەكە و هەروا نوخبەسیاسییەكانی هەردوو بەرەكە، لەسەر قۆناخی دوای ڕیفراندۆم و چەمك و میكانیزم و فەلسەفەی حوكمڕانیێكی سەربەخۆی دیموكراتیك بكەونە دیالۆگ و بیروڕاگۆڕینەوە.
ئەوەی لەبارەی ڕیفڕاندۆمەوە گرنگە بووترێ، ئەوەیە كە دیموكراتیەتی ڕیفراندۆم تەنیا بەئاراستەی دەرەوەی خۆمان پرۆسەیەكی دیموكراتیك و ئاشتیانە نییە، بەڵكو بەئاراستەی ناوخۆش پەیوەست بوونێكی دیاروتوندە بە بنەماكانی دیموكراسی، چونكە دەرگاو دەرفەت بۆ بانگەشەی لایەنگرو دژیش كراوەیە، وەك ئێستا، لەمەش دیارتر ئەوەیە كە هاووڵاتیان، هەموو هاووڵاتیان، بەپاراستنی تەواوی نهێنی دەنگدانەوە سەرپشكن سەربەخۆیی هەڵبژێرن یان پێچەوانەكەی، كە من پەرۆشی ئەوەمە كە لەكوردستاندا یەك دەنگی نەخێریش لەناو هیچ سندقێكدا نەبینرێ.
وەك چۆن ئەوپابەندبوونە بە دیموكراتی بوونی پرۆسەكە ئایندەی سیستمی سیاسیش نەخشە ئەكێشێ، كە ئێستا زۆر گوێبیستی ئەو قسانە ئەبین، كەگومان ئەخەنەسەر ئایندەی سیستمی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان.
نامەوێ لەسەر ڕەخنەو ناڕەزایەتی و رەفزكردنەوەكان قسە بكەم، چونكە خۆم گەرەكمە هانی ئەوبەرەیەش بدەم كە ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەنە ئەولەویەت و لەسەربابەتەكانی دوای ریفراندۆمیش دایلۆگی هێمنانەو پەرۆشانە بكەین.
دواقسەم هیواخوازییە كە لە چەندڕۆژو چەندهەفتەی داهاتووداكوردستان، بەهەموو لایەنەسیاسیەكان و هاووڵاتیانەوە لەیەك بەرەدابین، كەئەویش بەرەی بەڵێ بۆڕیفراندۆم و سەربەخۆییە، كەلەڕاستیدا بەرەی هەموومانە.
بۆیە باهەموومان هاوهەنگاوبین لەبەرەوپێشەوەچونە مەزنەكە.