بیرمەندێكی فەرەنسی: پاڵپشتی درووستبوونی دەوڵەتی كوردی دەكەم
خواكوڕك
دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا 25ی ئەیلولی ئەمساڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدرێت, ئەم بریارەی هەرێمی كوردستان لە سەر ئاستی جیهان بە شێوەی جیا جیا پێشوازی لێكرا, بێرنار هێنری لیڤی، نووسەر و بیرمەندی دیاری فەرەنسی پاڵپشتی خۆی بۆ درووستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لە كوردستانی عێراق دەردەبڕێت.
ئەو بیرمەندە فەرەنسییە، لە وەڵامی پرسیارێكی بێژەرەكەی كەناڵی “الغد”، كە دەپرسێت: “تۆ پێشنیازت كردووە كۆنگرەیەكی نێودەوڵەتی لە هەولێر ببەسترێت، بۆ ئەوەی خەسڵەتی دەوڵەت بە هەولێر بدەی؟”، دەڵێت: ” لە دێرزەمانەوە ستەمێكی زۆر گەورە لە گەلی كورد كراوە، پێشتر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڵێنی سەربەخۆییان پێداون، بەڵام بەڵێنەكەیان نەبردووەتە سەر”.
لە درێژەی قسەكانیدا لیڤی ئاماژە بەوە دەكات، كورد باجێكی گەورەی داوە لە شەڕكردن لە دژی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەكان و بەرەنگاربوونەوەی داعش بە نموونە دەهێنێتەوە و باس لەوە دەكات، كە ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ بەمدواییانە دەستیپێ نەكردووە، بەڵكو لە پاییزی 2014ەوە بە یەكەم هێرشی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەستیپێكرد.
لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ئەو كەناڵەدا، دەڵێت: “پێموایە درووستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لە كوردستانی عێراق، دەبێتە فاكتەرێكی سەقامگیری لە ناوچەكە، چونكە كورد رێز لە دیموكراتی و مافی مرۆڤ و یەكسانی نێوان ژن و پیاو دەگرێت”.
لێڤی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنیدا دەڵێت: “شتێكی واقیعی نییە چاوەڕێی دەوڵەتێی گەورەی كوردی بكەین كە هەموو كورد لە خۆ بگرێت، بەڵام درووستبوونی دەوڵەتێكی كوردی لە كوردستانی عێراق، شتێكی حەتمییە”.
هەروەها پاڵپشتی خۆی بۆ درووستبوونی دەوڵەتی كوردی دووپات دەكاتەوە و دەڵێت: “من پاڵپشتی درووستبوونی دەوڵەتێكی كوردی دەكەم لە كوردستان عێراق”.