لێدوانه‌كانی وه‌زیری ووزه‌ی سعودیا، نرخی نه‌وتی به‌رزكرده‌وه‌

خواكوڕك

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ 15ی ئاب نرخی نه‌وتی خاو به‌رزبوونه‌وه‌ی زیاتری به‌خۆوه‌ بینی. بازاڕه‌كانی نه‌وت ئه‌مڕۆ هه‌تا كاتژمێر 9:40 خوله‌كی به‌یانی هه‌ولیر، نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خاوی برنت گه‌یشته‌ 47.35 دولار. هه‌روه‌ها نه‌وتی خاوی ته‌كساس به‌رمیلی گه‌یشته‌ 44.75 دولار.
هۆكاری به‌رزبونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لێداونه‌كانی ئه‌م دوایه‌ی خالید ئه‌لفالح، وه‌زیری ووزه‌ی شانه‌شینی عه‌ره‌بی سعودیه‌، ناوبراو راگه‌یاند: بڕیاره‌ له‌رۆژانی 26 -28 ئه‌یلولی ئه‌مساڵ، كۆڕبه‌ندی ووزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ به‌رهه‌مهێنه‌ران و به‌كاربه‌ران له‌پایته‌ختی جه‌زائیر به‌رێوه‌بچێت و تێدا پرسی نرخه‌كانی نه‌وتیش گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ بكرێن.
پێشووتر ئه‌لفالح رایگه‌یاندبوو: شانه‌شینه‌كه‌یان له‌نزیكه‌وه‌ چاودێری بازاڕه‌كان ده‌كات و ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی نێو ئۆپێك و ده‌ره‌وه‌یدا رێكبكه‌ون و رێكارێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی له‌بازاڕه‌كان بهاوێژن.
هه‌فته‌ی ڕابردووش ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی(IEA) ڕایگه‌یاند پێوه‌ره‌كانی ئه‌وان ده‌ریده‌خات كه‌ له‌ماوه‌ی نیوه‌ی دووه‌می ئه‌مساڵدا به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هیچ بڕه‌ نه‌وتێكی كه‌ڵه‌كه‌بوو له‌جیهاندا نامێنێت‌ و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رزبونه‌وه‌ی نرخه‌كانی نه‌وتی خاو.
به‌ێی لێكۆڵینه‌وه‌ ستراتیژیه‌كانی رێكخراوی ئۆپیك هۆكاره‌كانی نزمبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ جیهاندا ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت به‌ پله‌ی یه‌كه‌م. ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ رێژه‌یه‌كی به‌رزی نه‌وت له‌سه‌رووی خواستی به‌كارهێنه‌ران له‌بازه‌ره‌كانی جیهان كه‌ڵه‌كه‌ ببێت.

Back to top button