نێچیرڤان بارزانی فه‌رمانی ناردنی بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆری بۆ شاری سلێمانی دا

خواكوڕك

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فه‌رمانێكی ده‌ركردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری به‌ دابینكردنی بڕی (501) ملیۆن دینار بۆ دابینكرنی ته‌نكه‌ری ئاو بۆ پارێزگای سلیمانی بۆ ئه‌وه‌ی باخ و باخچه‌ و پاركه‌كان له‌ سلێمانی ووشك نه‌بن.

بە فەرمانی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌زاره‌تى دارایی و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بڕى (501) ملیۆن دینارى بۆ دابینكردنى تانكه‌رى ئاو بۆ باخچه‌و پاركه‌كانى سلێمانى دابینكردو به‌و جۆره‌ش باخچه‌و پاركه‌كانى سلێمانى له‌ كێشه‌ى ئاونەدان ڕزگاریان ده‌بێت .

له‌و باره‌یه‌وه‌ (كامه‌ران حه‌مه‌ ساڵح) به‌ڕێوبه‌رى باخچه‌كانى پارێزگاى سلێمانى ڕاگه‌یاندوه‌” وه‌زاره‌تى دارایی و ئابورى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بەفەرمانی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆك وەزیرانی کوردستان بڕى (501) ملیۆن دیناریان بۆ ئاودانى باخچه‌و پاركه‌كان دابینكردووه‌ و به‌شى باخچه‌كانى ڕاپه‌رین و به‌كره‌جۆ و بلواره‌كانى تاسڵوجه‌ – سلێمانى و شه‌قامى مه‌لیك مه‌حمودیشى تێدایه‌.

ئه‌وه‌ی شایه‌نی باسه‌” ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین بڕیاری بارزانی نیه‌ بۆ خه‌ڵكی سنوری پاریزگای سلێمانی به‌ڵكو له‌ پێشووتریشدا چه‌ندین فه‌رمانی ده‌ركردووه‌ و چه‌ندین بڕه‌ پاره‌ی زۆری ته‌رخانكردووه‌ بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و جوانكردنی سیمای شاری سلێمانی و له‌ هه‌وڵه‌كانیشی به‌رده‌وامه‌ بۆ خزمه‌تكردنی پایته‌ختی رۆشنبیری.

Back to top button