لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەڕەنسادا پارتەكەی سەرۆك كۆمار زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستھێنا

خواكوڕك

ئەمڕۆ خولی یەكەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمان (ئەنجوومەنی نیشتمانی فەڕەنسا) ئەنجام درا و پارتەكەی سەرۆك كۆمار بە رێژەی ٣٢.٢%ی دەنگەكان زۆرترین دەنگی بەدەستھێنا.

كاتژمێر ٨ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەرگای ٦٧ھەزار بنكەی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا كرانەوە و دوا بنكەش كاتژمێر ٨ی ئێوارە بە كاتی پاریسی پایتەخت داخرا. تەنیا دوای ٥ خولەك لە كۆتاییھاتنی ھەڵبژاردنەكە ئەنجامە بەراییەكان راگەیەنران كە بەم شێوەیەیە:
پارتی بۆپێشەوە ٣٢.٢%
پارتی كۆمارییەكان ٢١.٥%
بەرەی نیشتیمانی ١٤%
بەرەی چەپ١١%
پارتی سۆسیالیست ١٠.٢
پارتی كۆمۆنیست ٣%
پارتی سەوز ٣%
پارتی رابوونی فەڕەنسا ١%

پارتی بۆپێشەوە تەنیا ساڵێك و مانگێكە لەلایەن ئێمانوێل ماكرۆن سەرۆك كۆماری فەڕەنسا دامەزراوە، توانی لە ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی فەڕەنسا ٦٦.١%ی دەنگەكان بەدەستبھێنێت.

ئەو پارتە تائێستا ھیچ كورسییەكی پەرلەمانی نییە و بەگوێرەی ئەم ئەنجامە بێت، لە خولی دووەمدا ٣٩٥ بۆ ٤٣٠ كورسی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی فەڕەنسا بەدەستدەھێنێت.

ھەڵبژاردنەكە لە دۆخێكی ئاسایشی توندوتۆڵدا بەڕێوەچوو. حكومەتی فەڕەنسا رایگەیاند، كە ئەمڕۆ ٥٠ ھەزار پۆلیس و سەربازیان بۆ پاراستنی ئاسایشی بنكەكانی دەنگدان خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لەمڕۆدا ھیچ رووداوێكی ئاسایشی ڕووینەدا و ھەڵبژاردنەكە بەشێوەیەكی ئاسایی كۆتایی پێھات.

ئەنجوومەنی نیشتمانی فەڕەنسا، ٥٧٧ كورسی هەیە. لەم هەڵبژاردنەدا ٧٨٨٢ كاندید كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی ٥٧٧ كورسییەكەی ئەنجوومەنی نیشتمانی دەكەن.

هەر حیزبێك زیاتر لە ٢٨٩ كورسی بەدەستبهێنێت، واتە زۆرینەی رەهای هەیە و دەتوانێت بەتەنیا حكومەت پێكبهێنێت.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی فەڕەنسا ٥ ساڵ جارێك ئەنجام دەدرێت.

بڕیارە خوولی دووەمی هەڵبژاردنەكە ١٨ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت.

Back to top button