زەردەشتییەكانی كوردستان: بەدڵ و بەگیان پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەكەین
خواكوڕك
دوای راگەیاندنی وادەی سازدانی ریفراندۆم لە لایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان, چین و توێژەكانی كۆمەڵگای كوردی و ئاین و ئاینزاكانی كوردستان بە شێوەی جیاواز پێشوازی لەم پرسە دەكەن, زەردەشتییەكانی كوردستان لەو بارەیەوە پشتگری خۆیان بۆ ڕایفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان، ڕادەگەیەنن و داوای ئەوەش دەكەن، تەواوی لایەنە سیاسییەكان هاوكاری هەرێمی كورستان بكەن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە نیشتمانییە.
ئاوات حسامەدین، نوێنەری زەردەشتییەكانی كوردستان، لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی حكوومەتی هەرێم، لەلێدوانێكدا ڕایگەیاند :” گەلی كورد تائێستا خەون بە سەبەخۆیی كوردستانەوە دەبینێت، بۆیە ئێمە وەكو زەردەشتییەكانی كوردستان بە دڵ و بە گیان پشتگیریی خۆمان لە ڕیفراندۆم دەكەین، چونكە ئەو پرسە ئایندەی گەشی میلـلەتی كوردە و پێویستە هەموو كوردێكی دڵسۆز پشتگیری لە ڕیفراندۆم بكات”.
گوتیشی :” دوای پەیامەكەی بارزانی و دیاری كردنی 25/ 9/ 2017 بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ئێمە وەكو زەردەشتییەكان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەمان كردووە بۆ ئەوەی هەموومان یەك هەڵوێست بین بەرامبەر ئەو پرسە نیشتمانییە، خۆشبەختانە هەموو پەیڕەوكارانی ئاینی زەردەشتی پشتگیری خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە.
نوێنەری زەردەشتیەكان، باسی لەوەش كرد، كە باشتروایە لە عێراق جیابینەوە، چونكە حكوومەتی عێراق چەند ساڵێكە بودجەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە، هەروەها ئامادە نییە بەشە نەوتی هاوڵاتیان ڕەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، بۆیە ئێستا كاتی ئەوە هاتووە، بەبێ ترس و دڵەڕاوكێ گەلی كورد سەربەخۆیی ڕابگەیەنێت، گوتیشی :” ئەگەر ئێستا سەربەخۆیی ڕابگەینین، بێگومان بۆ ئایندەش هەر چوار پارچەكەی كوردستان یەك دەگرێتەوە”.
لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممه 7/ 6/ 2017 مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و نوێنەر و سەركردەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بڕیاردرا رۆژی 25ی ئەیلوولی 2017، ڕیفراندۆم لە ھەرێمی كوردستان و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، ئەنجام بدرێت.