ئاڵا تاڵەبانی: حساب بۆ بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناكەم
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاری لەكار لادانی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی دەركرد, ئاڵاتالەبانی دوای بڕیارەكە رایگەیاند “پابەندی بڕیارەكەی مەكتەبی سیاسی نابم و ناشەرعییە”.
لە روونكردنەوەیەكدا “بۆ خەڵكی كوردستان و عێراق”، ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “ئەمڕۆ لە میدیاكانەوە بیستم كە لە كۆبوونەوەیەكی یەكێتی بڕیارێك لە دژی من دراوە. لێرەوه رایدەگەیێنم ئەو بڕیارە ناشەرعی و ناتەنزیمیه، چونكە خودی ئەوانەی لە كۆبوونەوەكەدا بوون شەرعیەتیان نەماوە و دەسەڵات و رەفتاریان لەژێر پرسیاردایە”.
ئاڵا تاڵەبانی دەشڵێت “هەموولایەك ئاگاداردەكەمەوە كە لە زووترین كات پرێس كۆنفرانسێك بۆ رونكردنەوە دەبەستم و هەمووشتێك ئاشكرا دەكەم. هیچ ئیلتزامێكیش بەو بڕیارە و بە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە ناكەم”.
بەپێی نووسراوێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە 12-6-2017 دەرچووە بەدەست (خواكوڕك) كەوتووە، بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاڵا تاڵەبانی، لە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دوورخراوەتەوە.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە 29-5-2017 بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسول جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاردرا بە “ئیعفاكردنی” ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.