ئیسرائیل پشتیوانی خۆی بۆ دەوڵەتی كوردستان ڕاگەیاند

خواكوڕك
دوای بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە ئێستادا لە سەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە كاردانەوە گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە, كەناڵی (ئیسرائیل24 )كە بە زمانی عەرەبی پەخشی خۆی دەكات، ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، ئەنكەرە و تاران نیگەرانییان بەرامبەر بە ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی كوردستان دەربڕی، بەڵام ئیسرائیل بە گەرمییەوە پێشوازی لێ دەكات.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، خەونی كوردەكان بۆ سەربەخۆیی دەستی پێ كرد كە ماوەیەكی زۆرە خەباتی بۆ دەكەن و لە پێناویدا هەڕەشە و چەك و هێزی ئێران و توركیا و عێراقیان لە دژ بەكار هێنراوە، بەدیهێنانیشی ئێستە تەنیا لەسەر كاتەكەی ماوە و خەونەكە دەبێتە ڕاستی، دوای كۆبوونەوەی حزبەكان بە سەرۆكایەتیی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان لە كوردستان دەركرد بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە مانگی ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوو.

كەناڵەكەی ئیسرائیل ئاماژەی داوە، ئەمە هەنگاوی یەكەمی كوردەكانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان، دوای ئەوەی كوردەكانیش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند، هەریەك لە ئەنكەرە و تاران نیگەرانی و بەرهەڵستی خۆیان لەوبارەوە دەربڕی، بە بیانووی پشتیوانییان بۆ یەكپارچەیی عێراق، بەڵام سەرۆكی هەواڵگری ئەمەریكا پێشتر دووپاتی كردەوە پێویستە هەماهەنگی لەگەڵ كوردەكان بكەین و ڕێگە نەدەین سزا بدرێن و سەربەخۆیی كوردستان تەنیا لەسەر كاتەكەی ماوە.

لە بەشێكی تری ڕاپۆرتەكەی ئیسرائیل 24 هاتووە، پێچەوانەی بەرهەڵستییەكان، ئیسرائیل پێشوازی لە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كرد و جدعۆن ساعر ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل و وەزیری پێشووی ئەو وڵاتە لە تویتێكدا ڕای گەیاند، پیرۆزبایی لە كوردەكان دەكەم بە بۆنەی دیاریكردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لەسەر ئیسرائیل پێویستە پشتیوانیی كوردەكان بكات.

Back to top button