كۆمسیۆنی هەڵبژاردن : نزیكەی شەش ملیۆن كەس مافی دەنگدانی لە ڕیفراندۆم دا هەیە

خواكوڕك
“هەندرێن محەمەد ” سەرۆكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی كوردستان تایبەت بە پرسی ڕیفراندۆم بۆ (خواكوڕك ) دەڵێت ” ئێمە ئیستا لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی كوردستان لە ئامادەكاریداین لە ڕووی هونەری و كارگێری و داراییەوە بۆ ئەوەی خۆمان بۆ ئەو پرسە ئامادە بكەین ، ئێمە بەردەوام لەگەڵ حكومەتی هەرێم و دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لە هەماهەنگیداین و لە خۆئامادەكردنداین لە گەڵیان لە بارەی بودجەو مەسەلەی ئەمنی و مەسەلەی كارگێری ، زۆر لە وەزارەت و دامەزراوەكانی حكومەتیش بەشدارن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و ریفراندۆم دا “.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كە بۆیان هەیە دەنگ بدەن لە 25ی ئەیلول بۆ پرۆسەی ریفراندۆم ، هەروەها لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم لە 6ی تشرینی دووەم ، هەندرێن محەمەد سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی دەشڵێت ” بەپێی ئەو لیستانەی كە لە كۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان و لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم ئەوانەی دەتوانن دەنگ بدەن لە پرۆسەی ڕیفراندۆم نزیكەی (6,000,000) شەش ملیۆن دەنگدەرن و پارێزگاكانی ( هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە ) نزیكەی (3,300,000 ) سێ ملیۆن و سێ سەد دەنگدەر پێكدەهێنن “.
هاوكات ئەمڕۆ “هەندرێن محەمەد ” سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە پرێس كۆنفرانسێكدا ڕایگەیاند ” بڕی (6,000,000 ) شەش ملیۆن دۆلار وەك یەكەم بڕە پارە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن كۆمسیۆن وەریگرتووە لە وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئەو بڕە پارەیە ئەنجومەنی كۆمسیاران خەمڵاندویانە بۆ پرۆسەی ڕیفراندۆم “.

Back to top button