سكرتێری حزبی شیوعیی عێراقی: هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات

خواكوڕك
پرسی سازدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان لە ئێستادا زۆرترین قسەی لە سەر ئاستی ناوخۆی كوردستان و دەرەوەی كوردستان لێوە دەرێت, سكرتێری حزبی شیوعیی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند و بەپێویستیشی زانی لایەنە غەیرە كوردستانییەكان پرسی ڕیفراندۆم بە گرژی و “پەرچەكرداری توند” وەرنەگرن.

ڕائید فەهمی، سكرتێری حزبی شیوعیی عێراق، ڕای گەیاند: “بابەتی ڕیفراندۆم لە دۆخێكی هەستیاردا دەكرێت كە عێراق و هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبن، سەرەتا شەڕی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش و ئەوەی كە لەمبارەیەوە دەیخوازێت لە یەكخستنی هەوڵەكان لەسەر ئاستی عێراق وەك گشت پێكهاتەكان لە نێوان حكوومەتی ئیتیحادی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەروەها لە لایەنی ئابووری و كۆمەڵایەتیش كە دۆخێكی سەخت هەیە لە ئەنجامی قەیرانی ئابووری و دارایی و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە كاریگەرییەكەی بە شێوەیەكی نێگەتیڤ لەسەر ڕۆڵەكانی هەرێمی كوردستان و بژێوییاندا ڕەنگ دەداتەوە”
سكرتێری حزبی شیوعیی عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ ڕیفراندۆم دەربڕی و ڕای گەیاند: “وەك پابەندبوونمان بە بنەمای مافی گەلان بۆ دیاریكردنی چارەنووسیان بەپێی شێواز و ڕێوشوێنەكانی خۆی كە پێشتر دوایین بەرجەستەكردنی ئەو مافە لە چوارچێوەی شێوازی فیدرالیی (ئیتیحادی)دا بووە كە دەستووری عێراقی بڕیاری لێ داوە، بەڵام بەداخەوە سەرجەم ئەو لایەنە ئەرێنییانەی نێو شێوازی داڕشتنە ئیتیحادییەكە وەك دەخوازرا بەدی نەهات، بەهۆی كەمتەرخەمی و لاوازیی ئیرادەی سیاسی بۆ چارەسەركردنی كێشە و گرفتە هەڵواسراوەكان”.
ڕوونیشی كردەوە كە بەهۆی بەدینەهاتنی خواستەكانی كورد وەك لە دەستووری عێراقدا بڕیاری لێ درابوو، هێزە سیاسییەكانی هەریمی كوردستان خواستی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان هەیە و وەك زانراوە ئەو پرسیارەی كە لە ڕاپرسییەكەدا دەكرێت، پەیوەندی بە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانەوە هەیە.
ڕائید فەهمی جەختی لەوە كردەوە: “لە ڕووی بنەماوە هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی ڕاپرسی بە گەلەكەی بكات، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە ڕاپرسی و ئەنجامەكانیەوە هەیە، بەشێكی دەوەستێتە سەر هەڵوێستی حكوومەتی ئیتیحادی و ڕێگەی كاردانەوەی بەرامبەر ئەنجامەكانی ڕاپرسی، بۆیە باشترە لێكتێگەیشتنی لەگەڵدا بكرێت لەبارەی ڕیفراندۆمەوە، بەشێكیشی دەوەستێتە سەر هەڵوێستی هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان و كاریگەرییەكەی لە سەرجەم لایەنە جیاوازەكانی پرسی ڕیفراندۆم”.
سكرتێری حزبی شیوعیی عێراق هیوای خواست، مامەڵەكردن لەگەڵ بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەلایەن هێز و لایەنە غەیرە كوردستانییەكان، “دوور بێت لە گرژی و پەرچەكرداری توند”، بە تایبەتیش كە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە كە ڕیفراندۆم و دەرئەنجامەكانی مانای دەست بەجێ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نییە و ئەوان سەیری دەرئەنجامەكانی دەكەن، وەك ڕێگەپێدانێكی جەماوەی كە سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان پشتی پێ دەبەستێت لە كاتی ئەنجامدانی هەر دانوستانێكی داهاتوو لەگەڵ حكوومەتی ئیتیحادی. گوتیشی: “پەیڕەوكردنی خیتابێكی عەقڵانیی هێمن بۆ هەموو لایەنەكان بە پێویست دەبینین لە مامەڵەكردن لەگەڵ جیاوازییەكان لەبارەی ئەم پرسە. لە هەموو دۆخێكدا دەستوور تاكە مەرجەعە لە ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی ئیتیحادی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە ڕێگەی گفتوگۆ”.

Back to top button