رۆژنامەیەكی رووسی: ریفراندۆم هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەهێزتردەكات

خواكوڕك
یەڤگینی پۆدۆڤكین، نووسەرێكی دیاری رووسە و نووسینێكی لە رۆژنامەی “نیزاڤیسیمایا گازیتا” سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بڵاوكردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەكات، ریفراندۆم هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی بەهێزتردەكات.

پۆدۆڤكین، ئاماژە بەوە دەكات، زۆربەی هەرە زۆری كورد پاڵپشتی بیرۆكەی سەربەخۆیی دەكەن و تاكە گرفتێكیش لە ئێستادا هەبێت، بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، نائامادەیی هەندێك لە بەرهەڵستكارانی سەربەخۆیی كوردە لە بەغدا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ریفراندۆم لە “ناوچه ‌جێناكۆكەكان – ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم”، ئەنجام دەدرێت.

ئەو نووسەر ئاماژە بەوەش دەكات، بە گوێرەی راگەیەندراوی كۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان لە رۆژی 7ی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017، ریفراندۆمەكە كەركووكیش دەگرێتەوە، كە شارێكی دەوڵەمەندە بە نەوت، كە هەناردەی نەوتی ئەو شارە، سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتە، هەم بۆ هەولێر و هەم بۆ بەغدا.

لەو چوارچێوەیەدا، كیریل ڤیرتیایڤ، توێژەر لە بەشی كوردی سەنتەری لێكۆڵینەوەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگای رۆژهەڵاتناسی لەو باوەڕەدایە، بەغدا ئامادە نییە لەسەر بنەمای ئەنجامی ئەو ریفراندۆمە، كە زۆربەی كورد دەنگی پێدەدات، دان بە سەربەخۆیی هەرێمی كوردستاندا بنێت، چونكە بەغدا لە دژی ئەو داوایەیە.

باس لەوەش دەكات، كە ریفراندۆم پێگە و هەڵوێستی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە بەغدا بەهێز دەكات، بەتایبەتیش لە پرسی گفتوگۆ و دانووستانەكانە لەگەڵ بەغدا و ئەنجامی ریفراندۆم وەك چەكێكی بەهێز دەبێت.

هەروەها ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە “جێناكۆكەكان – ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم” دەبێت، بەتایبەتیش كە بە بەڵێ لە ریفراندۆمەكە دەنگ دەدەن، بەوەش دەكرێت ئەو واقیعە وەكو بەڵگەیەك لەلایەن هەرێمەوە بەكاربهێنرێت، كە ئەو ناوچانە كوردستانین و بیانگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.

ڤێرتیاڤ دەشڵێت: “كورد گەورەترین نەتەوەی جیهانە كە دەوڵەتی نییە و بەسەر وڵاتەكانی عێراق، سووریا، توركیا و ئێران دابەشكراون”.

ئەو توێژەرە بە دووریشی دەزانێت، سەربەخۆیی كوردستانی عێراق، كاریگەری لەسەر كوردانی توركیا هەبێت و بەرەو سەربەخۆیی دنەیان بدات، چونكە ئەوان لە رەوشێكی سیاسی جیاوازدا دەژین.

Back to top button