فراكسیۆنی یەكێتی چاوەڕوانی مەكتەبی سیاسین بۆ شوێنگرەوەی ئاڵا تاڵەبانی
خواكوڕك
دوای ئەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پۆستی سەرۆكی فراكسۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی لە ئاڵاتالەبانی وەرگرتەوە ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەندامانی فراكسیۆنەكەیان چاوەڕوانی وەڵامی مەكتەبی سیاسیی دەكات بۆ دیاریكردنی كەسێكی دیكە لە شوێنی ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆن.
نەوزاد رەسوڵ ، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند: “بڕیاربوو رۆژی دووشەممەی رابردوو لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی كۆببینەوە بۆ ئەوەی سەرۆكێكی نوێ بۆ فراكسیۆنەكەمان هەڵبژێرین، بەڵام لەبەر چەند هۆكارێك كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا”.
نەوزاد رەسوڵ گوتی: “تاوەكو ئێستا دیارنییە كام ئەندام دەبێتە سەرۆكی فراكسیۆنەكە، تاوەكو لەگەڵ مەكتەبی سیاسییش كۆنەبینەوە دانانی ئەو كەسە یەكلایی نابێتەوە”.
رۆژی یەكشەممە 12-6-2017، لە نووسراوێكدا و بەبڕیاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاڵا تاڵەبانی، لە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە.
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە ، لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە 29-5-2017 بە ئامادەبوونی كۆسرەت رەسول ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڕیاردرا بە “ئیعفاكردنی” ئاڵا تاڵەبانی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
ئاڵا تاڵەبانی، لە روونكردنەوەیەكدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، نووسیویەتی “هەر لە میدیاكانەوە نامەیەكی لابردنمان لە سەرۆكایەتی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بینیوە تا ئەوكاتەی تەواوی هۆكارەكان و وردەكاری ئەم بڕیارە نەزانم، ئاگادارتان دەكەمەوە كە من هیچ لێدوانێكم نەداوە و نایدەم”.