گۆڕان جارێكی تر رەدی كردەوە

خواكوڕك
بەگوێرەی راگەیاندراوێك كە بەناوی گوتەبێژی گۆڕانەوە( شۆرەش حاجی) راگەیاندرا،ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنین کە لە دوای ١٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ وە جەختمان لەوە کردۆتەوە کە بۆ چارەسەری کێشە یاساییو سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانو چارەسەری قەیرانی داراییو باشکردنی بژێویو گوزەرانی هاوڵاتیان پێویستە پەرلەمانی کوردستان بەو دەستە سەرۆکایەتییە هەڵبژێردراوەی ئێستایەوە دەست بە کارەکانی بکاتەوە.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە، پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین مەرجەعی یاساییو شەرعی هاوڵاتیانی کوردستان ئەرکی تاوتوێکردنی هەمو ئەو بابەتانەیە کە پەیوەندی بە ژیانی خەڵکو ئایندەی گەلەکەمانەوە هەیە. هەر شێوازێکی تری ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە بە دەستبەکاربونەوەی مەرجداری پەرلەمان لای ئێمە قبوڵکراو نیە. چونکە هۆکاری سەرەکی ئیفلیجکردنی پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتییەکەی نیە، بەڵکو کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتی هەرێمو هەوڵی پەرلەمان بو بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.
لەكۆتایشدا گۆڕان رایگەیاند”بۆیە هەر هەنگاوێک بەبێ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانیو چاکسازی ریشەیی لە بوارەکانی داراییو کارگێڕیو چاودێری وردی کارەکانی حکومەت نەک چارەسەر نین، بەڵکو پرۆسەی سیاسی بەرەو چەقبەستویی زیاتر دەباو گەلەکەمان پتر نائومێدو ئەزمونەکەمانو ئاییندەشمان دەخاتە بەردەم ئەگەرو مەترسی گەورەترەوە.