حزبی المؤتمر الوطنی العراقی پشگیری لە مافی رەوای گەلی كوردستان دەكات

خواكوڕك 
لە راگەیاندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دا ڕۆژی چوارشەممە 14ـی6ـی2017 لە سەلاحەدین” مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای حزبی (المؤتمر الوطنی العراقی) كرد كە پێكهاتبوو لە ئاراس حەبیب کەریم سکرتێری گشتیی حزب و نووری بەدران، هانی ئیدریس، لەیس شیر و جەمیل محەمەد ئەندامانی سەرکردایەتی.
هەر لە راگەیاندراوەكەدا هاتووە” لە دیدارەكەدا كە بە ئامادەبوونی فازڵ میرانی سكرتێر و مەحمود محەمەد ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوەچوو، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق و شەڕی دژی تیرۆریستان لە موسڵ و قۆناغی دوای داعش ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان ڕایانگەیاند کە دوای کۆچی دوایی خوالێخۆشبوو ئەحمەد چەلەبی حزبەکەیان بە قۆناخی سەختدا تێپەڕی بەڵام توانیویانە ئاستەنگەکان تێپەڕێنن. شاندەکە پشتیوانیی خۆیان بۆ مافی ڕەوای دیاریکردنی چارەنووسی گەلی کوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەربڕی و ئامادەیی خۆیان بۆ هەموو جۆرە پشتیوانییەک بۆ سەرکەوتنی زیاتری پڕۆسەکە خستەڕوو. سەرۆک بارزانی سوپاسی هەڵوێستی شاندی میوانی کرد و ڕایگەیاند کە گەلی کوردستان هەموو ڕێگەکانی بۆ هاوکاری و پێکەوەژیان لەچوارچێوەی عێراقدا تاقی کردۆتەوە و هەمیشە بە نکۆڵیکاری و پەراوێز خستن و چەوساندنەوە وەڵامی دراوەتەوە بۆیە ئێستا گەلەکەمان دەیەوێ ڕای خۆی بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێت و بە ڕێگەی ئاشتییانە و دیالۆگ و لێکتێگەیشتن داوای مافەکانی خۆی دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئاییندەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكان و مەترسیی نەمانی تەوافوق و شەراكەت و هەروەها ئەو تەحەدیاتەی كە لە قۆناغی داهاتوودا ڕووبەڕووی عێراق و ناوچەكە دەبنەوە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندی و ڕاوێژی بەردەوام لەمەڕ پێشهاتە سیاسییەكان
Back to top button