مەسرور بارزانی:چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوەیە دان بە ھەڵەکانی رابردوو بنرێت
خواكوڕك
لەمیانی پێشوازی كردنی سكرتێری گشتی كۆنگرەی نیشتمانی عێراقی شاندی یاوەری مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی رایگەیاند”رێگەی دروستی بەرەوپێشڤەچوون و چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوەیە دان بە ھەڵەکانی رابردوو بنرێت، کە شێوازی ئەو پەیوەندییەی ھەبووە کرداری نەبووە”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14/6/2017 مەسرور بارزانی، راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ ئاراس حەبیب کەریم، سکرتێری گشتیی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق و شاندی یاوەری، کۆبوویەوە.
لە دانیشتنێکدا وێڕای تاوتوکردنی دوا پەرەسەندنە سەربازییەکانی شەڕی تیرۆریستانی داعش، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، ھەڵبژاردنی داھاتوو لە عێراق و کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغداش کرا.
لە دانیشتنەکەدا تیشک خرایە سەر رەوشی سیاسی و ھۆکارەکانی سەرھەڵدانی توندڕەویی و کێشە مێژووییەکانی عێراق، پەیوەست بە میکانیزمی چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق.
مەسرور بارزانی، ئاماژەی بە پێویستی گفتوگۆی راشکاوانە و جددی دا و رای گەیاند: “رێگەی دروستی بەرەوپێشڤەچوون و چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوەیە دان بە ھەڵەکانی رابردوو بنرێت، کە شێوازی ئەو پەیوەندییەی ھەبووە کرداری نەبووە، بۆیە پێویستە بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە مێژووییەکان لەم وڵاتەدا لە رێگەی دیالۆگەوە کار بۆ دۆزینەوە و داڕشتنەوەی شێوازێکی نوێ لە پەیوەندی و دۆستایەتی بکرێت”.
لەلای خۆیەوە شاندی باڵای کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق، پێزانینی خۆیان بەرامبەر قارەمانێتی و قوربانییەکانی پێشمەرگە لە رزگارکردنی ناوچەکان لەدەستی داعش نیشاندا.
ئەوەشیان خستەڕوو کە لەگەڵ بڕیاری مافی چارەنووسن و لە ئامانج و ویستە رەواکانی گەلی کوردستان تێدەگەن و ھاوڕان لەسەر درێژەدان بە پەیوەندییەکان بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندی نێوان ھەردوو حکوومەت لەرێگەی دیالۆگەوە.