هەر خێزانێكی شەهیدی دەستی داعش یەك ملیۆن دیناری پێدەدرێت
خواكوڕك
وا بڕیارەی ئێوارەی سبەی پێنجشەممە لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، دەزگای خێرخوازی بارزانی، رێوڕەسمی هاوكاریكردنی خێزانی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش ساز بەكات، لەو رێوڕەسمەدا دەزگاكە پرۆژەیێكی خۆی رادەگەیێنێت، كە بڕی یەك ملیۆن دینار دەدات بە خێزانی شەهیدانی شەڕی دژ بە داعش, كە سەرجەم تێچووەكەی لەلایەن سیروان بارزانی -یەوە دابین دەكرێت.
ئیبراهیم سەمین، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی، راگەیاندووە: “ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، دەزگاكە ئێوارەخوانێك بۆ كەسوكاری شەهیدانی هەولێر ساز دەكات و لەوێ پرۆژەكە رادەگەیێندرێت و هەموو شەهیدان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، سەرجەم تێچووی پرۆژەكە لەلایەن سیروان بارزانییە دابیندەكرێت و تاوەكو جەژنی رەمەزان بەسەر هەموو خێزانی شەهیداندا دابەشدەكرێت”.
سەمین روونیكردەوە، كە لیستی ژمارەی شەهیدانیان لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگرتووە، كە 1410 شەهیدە ، لەو ژمارەیەدا 394 شەهید خەڵكی هەولێرن و 444 شەهید خەڵكی دهۆكن و 344 شەهید لە سنووری سلێمانین و لە سنووری گەرمیان و كەركووكیش 228 شەهیدن. هاوكارییەكە بۆ هەموو شەهیدانە، بەبێ جیاوازی و خۆبەخشە شەهیدەكانیش دەگرێتەوە. بڕی كۆی پارەكە دەكاتە ملیارێك و 410 ملیۆن دینار.
بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، كە ئەو لیستە لە وەزارەتی پێشمەرگە وەرگیراوە و هەر شەهیدێك ناوی لە لیستەكە نەبێت، دەتوانێت سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە بكات ، ئێمە هاوكارییەكەی پێدەدەین. گوتیشی: “ئەو شەهیدانەی دوو هاوژینیان هەبووبێت، هاوكارییەكە دەدرێت بە هەردووكیان، واتا هەر یەكێكیان ملیۆنێك دیناریان پێدەدرێت”.
لەو ئێڤێنتەدا كە ئێوارەی پێنجشەممە ساز دەكرێت، جگە لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتانیش تێدا بەشدار دەبن، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای خێرخوازی بارزانی رایگەیاند، كە كۆمەڵێك بازرگانیش داوەتكراون، بۆ ئەوەی بەشداربن لە هاوكاریكردنی خیزانی شەهیدان.
دەزگای خێرخوازی بارزانیش ماوەیەكە هاوكارییەكی تایبەت بەسەر منداڵانی شەهیدان دابەشدەكات، كە هەر منداڵێك 50 دۆلاری پێدەدرێت و ئەو پرۆژەیە بەردەوامە.