ئەبو كاروان: پێشوازی لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەین
خواكوڕك
دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی دوێنێی نێوان هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان, بڕیایاریاندا پەرلەمان بەو هەمان سەرۆكایەتی پێشوتر كارا بكرێتەوە,ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی حیزبی شیوعی دەڵێ، پێشوازی لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەین و بە كارێكی باشی دەزانین، دەشڵێ، “ئێمە لەگەڵ ئەوەین كاراكردنەوەی پەرلەمان بە رێككەوتنی هەموو لایەك بێت و بیر لە بەرژەوەندی میللەت بكرێتەوە”.
ئەبو كاروان، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی حیزبی شیوعی كوردستان، لەبارەی ئەو پرۆژەیەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان پەسەندیان كردووە، رایگەیاند: “هەر هەوڵێك بە ئاراستەی چارەسەركردنی ئەم بارودۆخە چەقبەستووەی هەرێمی كوردستان بێت و ببێتە هۆی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەكان، كارێكی زۆر باشە”.
ئەبو كاروان، بە پێویستی دەزانێت “حیزب و لایەنە سیاسییەكان بیر لە بەرژەوەندی خەڵك بكەنەوە، چونكە بەڕاستی خەڵك لەسەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكان بێزاربووە”.
ئەندامەكەی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: “ئێمە پێشوازی لە كاراكردنەوەی پەرلەمان دەكەین و بە كارێكی باشی دەزانین، هەر لایەنێك تەنازولی زیاتر بكات بە مەبەستی چارەسەركردنی ئەو گرفت و كێشەیە، ئێمە بەباشی دەزانین”.
ئەبو كاروان، دەشڵێت: “ئێمە لەگەڵ ئەوەین كاراكردنەوەی پەرلەمان بە رێككەوتنی هەموو لایەك بێت، بیر لە بەرژەوەندی میللەت بكرێتەوە، بەرژەوەندی میللەتەكەمان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوەیە، ئەگەر لایەنێكیش هەنگاوێك نەیێتە پێشەوە با لایەنی بەرامبەر دوو هەنگاو بڕاوتە پێشەوە كە پێموایە لە قازانجی خۆی و خەڵكی كوردستانیش دەبێت”.