مەحمود عوسمان: گۆڕان دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا نازانێت چی بکات

خواكوڕك
دوای كۆچی نەوشیروان مستەفا رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان, زۆربەی بۆچوونەكان بەو ئاراستەیە بوون كە ئەم بزووتنەوەیە توانای بەڕێوەردنی خۆی نیە بۆیە ئەگەری چارەسەری كێشە ناوخۆیەكان و كوردستانیەكان زەحمەتتر دەكات, سیاسەتمەدارێکی کورد ئاماژە بەوە دەکات کە پەنابردن بۆ ڕاگەیاندن، حزبەکان ناگەیەنێتە ھێچ دەرئەنجامێک و دەڵێت: “دەبێت لەسەر یەک مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە”.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد لە بارەی دۆخی ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە: “ئەو گرفتە سیاسییەی لە کوردستان ھەیە، هەرگیز بەدەرکردنی بەیاننامە و ڕاگەیاندن چارەسەر نابێت، دەبێت ئەم حزبانە پێکەوە دابنیشن، گرفتەکان بەیەکەوە باس بکەن، بۆ ئەوەی بگەنە دەرئەنجامێکی مام ناوەند، ئەم لە ڕاگەیاندنەکانەوە بەیاننامە دەربکات و ئەو ڕەتی بکاتەوە، ئەمە گرفتەکان چارەسەر ناکات، ناگەنە دەرەنجام، دەبێت لە دانیشتنەکان بڕیار بدەن و دواتر پەلە پەل نەکەن”.
ئەو سیاسەتمەدارە، ئەوەشی خستەڕوو: “دوای نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەی گۆڕانیش نازانێت چی بکات؟ نەمانی نەوشیروان مستەفا، کاریگەری لەسەر گۆڕان دروست کردووە، چۆن نەخۆشکەوتنی مام جەلال، گرفتی بۆ یەکێتی دروست کرد، ئەوانیش دوور نییە لە دوورکەوتنەوەی سەرکردەکەیان، تووشی ئەو گرفتە ببنەوە، چونکە ئەوان نەوشیروان مستەفایان بە کارێزما دەزانی، بۆ گۆڕانیش یەکلاکەرەوە بوو“.
هیوای ئەوەشی خواست کە سەرجەم حزبەکان لەم دۆخەدا بەرژەوەندیی گەلی کوردستان لەبەرچاو بگرن.
ئەم قسانەی مەحموود عوسمان دوای ئەوە هات کە لە دوایین کۆبوونەوەی نێوانیاندا، یەکێتی و پارتی بڕیاریان دا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە و یوسف محەمەد بۆ یەک دانیشتن سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات، بەڵام هەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بە بەیاننامە ئەو ڕێگەچارەیەیان ڕەت کردەوە.

Back to top button