رۆمیۆ ھەكاری: چارەنووسمان لەگەڵ كوردستانە و دەنگیش بۆ سەربەخۆیی دەدەین

خواكوڕك
دوای دیاری كردنی وادەی سازدانی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان بۆ سەربەخۆی, چین و توێژەكانی كوردستان و پێكهاتە جیاوازە ئاینیەكانی بە شێوەی جیاواز پێشوازی لەم هەولەی هەرێم دەكەن, لەو بارەیەوە ڕۆمیۆ ھەكاری سكرتێری گشتیی حزبی بەیتنەھرێن دەڵێت، لەمێژە ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی ڕیفڕاندۆمەوە بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاندووە و ئەوان بە ”بەڵێ” دەنگ بۆ سەربەخۆییی كوردستان دەدەن و چارەنووسیان لەگەڵ ھەرێمی كوردستانە.

(ڕۆمیۆ ھەكاری)، سكرتێری گشتیی حزبی بەیتنەھرێن، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: ”ئێمە، وەك گەلانی كلد و ئاشوور، دەمێكە ھەڵوێستی خۆمان بە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان ڕاگەیاندووە، كە پشتگیری لە ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی ھەرێمی كوردستان دەكەین و وەك گەلێكی زۆڵملێكراوی عێراق لەگەڵ گەلانی كوردستان ئامادەین بۆ بەشداریكردن لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ئەیلوولی داھاتوودا و دەنگیش بۆ سەربەخۆیی دەدەین، چونكە جگە لە ماڵوێرانی ھیچمان لە عێراقدا نەچنیوەتەوە و بەشی ئێمە ھەر چەوسانەوە بووە، ھەر لە دامەزراندنی عێراقەوە تا ھێرشی داعشی تیرۆریست بۆسەر ناوچەكانمان، كە بەداخەوە ھێشتا برینەكانمان ساڕێژ نەبوونەتەوە و ژمارەیەك ھاووڵاتیمان لەژێر دەستی داعشدا چارەنووسیان نادیارە.”

سكرتێری گشتیی حزبی بەیتنەھرێن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: ”ئێمە، گەلێكی دێرینی ھەرێمی كوردستانین و چارەنووسمان بەستراوە بە گەلی كورد و گەلانی دیكەی نێو كوردستانەوە، بۆیە لە ھەر گۆڕانكاری و پڕۆژەیەكی گرینگدا پێویستە ئێمەش ڕۆڵمان ھەبێت و شوێنپەنجەمان لە ھەرێمی كوردستاندا دیار بێت و بەشداری بین لە پڕۆسەی سیاسیی ھەرێمی كوردستاندا.”

(ڕۆمیۆ ھەكاری) گۆتیشی: ”ئێمە تەنیا مەرجمان بۆ بەشداری لە ڕیفڕاندۆمدا زامنكردنی مافەكانی گەلی ئێمە لە دەستووری ھەرێمی كوردستاندایە، ھەروەك لە مادەی ٣٥ی ڕەشنووسی دەستووری ھەرێمی كوردستاندا ئاماژە بە مافی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی ئێمە كراوە و پێویستە لە دەستووری دەوڵەتی داھاتووی كوردستانیشدا ئەو گەڕەنتیە بدرێت، كە گەلی ئێمەش مافی خۆیەتی لە ڕووی ڕۆشنبیری و ئایینی و سیاسییەوە مومارەسەی ژیانی خۆیان بكەن.”

Back to top button