IYDU پاڵپشتی لە ریفراندۆمی باشووری كوردستان دەكات
خواكوڕك
دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆی دا, ئەم بڕیارەی هەرێمی كودستان بە شێوەیی جیا جیا لە سەر ئاستی كوردستان پێشوازی لێكرا لە دواهەمین كاردانەوەشیدا هاوپەیمانێتییەكی گەورەی رێكخراوە گەنجەكانی جیهان پاڵپشتی لە هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی دەكات.
یەكێتی دیموكراسی لاوانی نێودەوڵەتی IYDU لە رێگەی بڵاوكردنەوەی راگەیێندراوێكەوە ئاماژە بەوە دەكات كە “دان بە مافی رەوای هەر كەسێكی ئەم جیهانەدا دەنێت بۆ ئەوەی ئازاد بێت و بڕیار لە سەر حكومەتەكەی خۆی بدات و پاڵپشتی لە عێراقێكی دیموكراسی و ئارامیش دەكات”.
لە بەشێكی دیكەی راگەیێندراوەكەدا هاتووە، یەكێتی دیموكراسی لاوانی نێودەوڵەتی دان بە ویستی خەڵكی كوردستانی عێراق و كەمینەكانی دیكەشدا دەنێت كە لە هەرێمی كوردستاندا دەژین و ریفراندۆمیییەكەی رۆژی 25ی ئەیلوولی ئەمساڵیش بە پرۆسەیەكی شەرعی دادەنێت.
یەكێتی دیموكراسی لاوانی نێودەوڵەتی چەند داواكاریەكی هەیە:
– داننان بە خەباتی كورد و پێكهاتەكانی دیكەدا، لەوانەش ئەو هەزاران شەهیدەی كە بە درێژایی چەندین ساڵ چەوساندنەوە داویانن، لەوانەش لە ئەنجامی هێرشە كیمیاییەكانەوە.
– داننان بەو راستییەی كە كوردەكان و ئاشورییەكان و پێكهاتەكانی دیكە لە ژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێندا زۆریان چەشتووە، هەروەك چۆن لە بڕیاری 688ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكاندا دۆكیومێنت كراوە.
– باوەڕكردن بەوەی كە كوردەكان رۆڵێكی گرنگیان گێڕا لە رێگاگرتن لە بەرفراوانبوونی دەسەڵاتی داعش و كارێكیشیان كرد كە رێگای بۆ تێكشكاندنی داعش لە موسڵ كردەوە.
– داننان بە قوربانییەكانی پێشمەرگە و گرووپەكانی دیكەدا.
– بەشداریكردن لە ئەركی چاودێریكردن لە ریفراندۆمییەكەی رۆژی 25ی ئەیلوولدا.
– باوەڕبوون بەوەی كە هەر بڕیارێك دەربارەی داهاتووی عێراق دەبێت ئامادەكارییە دەستوورییەكان لەبەرچاو بگرێت.
– پاڵپشتیكردن لە ریفراندۆمیەك كە ماف و ئازادی تەواوی پێكهاتە ئیتنی و ئایینیەكانی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو دەگرێت.
“یەكێتی دیموكراسی لاوانی نێودەوڵەتی” هاوپەیمانێتییەكی جیهانیی گەورەیە لە رێكخراوە گەنجە سیاسییە راسترەوە میانڕەوەكان و لە باڵی لاوانی هاوپەیمانێتی “یەكێتی دیموكراسی نێودەوڵەتی” پێكدێت.