توركیا: بەهۆی ریفراندۆمەوە سنوور داناخرێت

خواكوڕك

دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بریاری سازدانی ریفراندۆمی لە 25ی ئەیلولی ئەم ساڵ راگەیاند, لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان ترسی دژایەتی توركیا بۆ پرسەكە زیاتر بوو بە تایبەت دوای ئەوەی كە توركیا نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر سازدانی ریفراندۆم راگەیاند, ئەمەش وایكرد ترس لە داخستنی دەروازە سنوریەكانی لەگەڵ ئەم وڵاتە بێتە ئاراوە بەڵام گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی داخستنی دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل رایگەیاند، هیچ شتێك لەمبارەوە لەئارادانییە و لەگەڵ بەرپرسانی كورد تاوتوێی دەكەین.

ئیبراهیم كاڵن گوتەبێژی سەرۆكایەتی كۆماری توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا هەڵسەنگاندنی بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كرد و گوتی “لەمبارەیەوە كۆبوونەوەو دیداری تایبەتمان لەگەڵ بەرپرسانی كورد دەبێت. پێویستە لەو هەڵەیە پاشگەز ببنەوە”.

لەبارەی دەنگۆی داخستنی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل گوتی “گومان لەوەدا نییە بەبێ گەڕانەوە بۆ بەرپرسانی كورد لە دەسەڵاتی نێوخۆیی باكووری عێراق، هیچ هەڵوێست و كاردانەوە و بڕیارێكی تاكلایەنە نادەین و بەدیالۆگ و گفتوگۆ بڕیار دەدەین”.

هەر لەبارەی ریفراندۆمەوە، كاڵن گوتی “ئەوەی نیگەرانی كردوین، بەرپرسانی كورد دەیانەوێت كەركووكیش بخەنە نێو ئەم پرۆسەیە، لەكاتێكدا بەپێی دەستووری عێراق كەركووك شارێكی عێراقییە و لەنێو سنوورەكانی كوردیدا‌ نییە. ئەگەر بێت هەر هەوڵێك بدرێت و بەزۆرەملە كەركووك بخرێتە نێو پرسی ریفراندۆمەوە‌، ئەوسا كێشە بۆ كەركووك و ناوچەكانی دەورووبەریشی دروست دەكات. توركیا لە نزیكەوە بەچڕی چاودێری دۆخی كەركووك دەكات. هیوادارین پاشگەز ببنەوە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی بدەن”.

Back to top button