عێراقی دوای داعش و گرفتی میلیشیا شیعەكان

خواكوڕك
ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خۆری تەمەنی داعش لە عێراق لە ئاوابووندایە ، بەڵام كێشەیەكی تر لەبەردەم پرۆسەی سیاسی لە عێراق دا قووتدەبێتەوە ئەویش چۆنییەتی مامەڵەكردنە لەگەڵ گروپە چەكدارە میلییشیاكانی شیعە كە هاوسۆزی و دڵسۆزییان بۆ تاران هەیە .
كۆتایی مانگی ڕابردوو هێزەكانی میلیشیای حەشدی شەعبی لەگەڵ بەشێك لە گروپە چەكدارە شیعەكانی سەربە ئێران لە ڕێگەی موسڵەوە گەیشتنە سەر سنوری (عێراق – سوریا ) لە دەروازەی تەنەف جێگیر بوون ، لەبەرامبەریشدا هێزێكی تری چەند گروپی شیعی سەربە كۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەشێك لە هێزەكانی ڕژێمی بەشار ئەسەد نزیك بونەوەی لە سنوری تەنەف كە پێشتر هێزێكی میلیشیای حەشدی شەعبی و بەشێك لە گروپە چەكدارەكانی شیعەی ئێران لە ڕێگەی موسڵەوە جێگیر بووبون .
لەگەڵ گەیشتنی هەردوو هێزەكە لە (تەنەف) هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی بە سەركردایەتی ئەمریكا بەفڕۆكە بڵاوكراوەیان فرێدایە خوارەوەو هۆشدارییان دایە هەردوو هێزەكە لە سەر سنور .
هاوكات لە 11 ی 5 ی 2017 ” قەیس خەزعەلی ” سەركردەی (عەسائیبی ئەهلی حەق ) ڕایگەیاند ” موسڵ و تەلەعفەر ئازاد دەبن و دەگەینە سەر سنوری سوریا و برایانیشمان لە سوریا نزیك دەبنەوە و بەوەش بەدری شیعی دادەمەزرێنین و پێكهاتەیەكین لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنان و گروپی ئەنساروڵا(حوسییەكان )”.

هەرچەندە حكومەتی عێراق بێدەنگ بوو لە ئاست ئەو ڕووداوەدا و گروپە شیعەكانیش ناچنە ژێر فەرمانی حكومەتی عێراقەوەو بەڵكو فەرمان لە ئێران وەردەگرن ، چەند جارێكیش ئەمریكا بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ داوای لە سەرۆككوەزیرانی عێراق كردووە كە كۆنترۆڵی گروپە شیعەكان بكات و لە هەژموونی ئێران دوریان بخاتەوە .
گروپە شیعەكان لە عێراق پێكهاتوون لە سێ بەش كە ئەوانیش :
1. ئەوانەی سەربە كۆماری ئیسلامی ئێرانن پەیوەندییان بە (عەلی خامنەیی ) ڕابەری ئێرانەوە هەیە .
2. ئەوانەیشی لە نەجەفن سەربە (عەلی سیستانی ) ین بریتین لە ( ڕەوتی سەدر بەسەركردایەتی موقتەدا سەدرو ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بەسەركردایەتی عەممار حەكیم ).
3. ئەوانەیشی سەر بە (حەشدی ولائی ) دڵسۆزییان بۆ ویلایەتی فەقیهە لە ئێران هەیە ئەمانە پێیان وایە سوریا و عێراق یەك بەرەیە بەهێزترین و پڕچەكترین گروپن .

میلیشیاكانی سەر بە ئێران زیاتر لە (40) پێكهاتەی سەربازین و دیاریترینیان ڕێكخراوی ( بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتائیبی خزبوڵاو سەرایای خوراسانی و نوجەبا و كەتائیبی سەیدولشوهەداو و كەتائیبی ڕەوتی ڕیسالی و لیوای ئەسەدوڵا ئالغالب و هێزەكانی ئەبولفەزڵ ئەالعەباس ) ن.

Back to top button