ئازاد تۆفیق: نابێت یەكێتی ریفراندۆم و پەرلەمان لەسەر هیچ لایەنێك پەكبخات
خواكوڕك
دوای دەستپێشكاریەكەی پارتی و یەكێـی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كودستان و رەدكردنەوەی لە لایەن بزووتنەوەی گۆڕان, كاردانەوەی گەروەی لەسەر ئاستی ناوخۆی كوردستان لێكەوتەوە ئەندامێكی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت، كاراكردنەوەی پەرلەمان پێویستە ریفراندۆم لە “هەموو شتەكانی دیكە پێویستترە”. دەشڵێت ئەگەر گۆڕان هەر سووربوو لەسەر هەڵوێستی خۆی، پێویستە یەكێتی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەسەر هیچ لایەنێك پەكنەخات و ئەو پێشنیازەی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان لەگەڵ پارتی كردوویەتی، پەسندی بكات.
ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی لەبارەی پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان، ریفراندۆمی باشووری كوردستان و ئەو پێشنیازەی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان خراوەتەڕوو، بەشداری گەشتی هەواڵەكانی رووداوی كرد.
ئازاد تۆفیق دەڵێت “پێویستیمان بە دانوستاندنە، ئەو چەقبەستوویەی ماوەیەكی زۆرە روویكردووەتە هەرێمی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانی كوردستان لە بەرپرسیاریێتی خۆیەوە هەنگاوی جددی ناوە، ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان داوە و بە پێگە و قورسایی خۆمان لەگەڵ پارتی و لایەنەكانی دیكە ویستوومانە بگەینە ئەنجامێكی باش، ئێمە ئەو پێشنیازەمان كردووە و پارتی نەرمی خۆی نواندووە، دەبوو برادەرانی گۆڕانیش بهاتنایە پێشەوە”.
ئەندامەكەی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی بە پێویستی دەزانێت “یەكێتی دیراسیەكی ورد بۆ مەسەلەكان بكات، چونكە پرسی ریفراندۆم لە پێشمانە، دیراسە وردەكەش پەیوەندی بەوە هەیە یەكێتی جارێكی دیكە داوا لە پارتی بكاتەوە، پارتی بە شاندێكی دیكە لەگەڵ یەكێتی یان لایەنەكانی دیكە سەردانێكی دیكەی گۆڕان بكەنەوە. ئەگەر گۆڕان هەر سووربوون لەسەر هەڵوێستی خۆی، ئەوا دەبێت یەكێتی ریفراندۆم و كاراكردنەوەی پەرلەمان لەسەر هیچ لایەنێكی سیاسی پەكنەخات”.
ئازاد تۆفیق پێیوایە، كاراكردنەوەی پەرلەمان پێویستە و ریفراندۆمیش لە هەموو شتەكانی دیكە پێویستترە. “پرسی گشتپرسی پەیوەندی بە یەكێتی، پارتی و گۆڕان نییە. دەبێت كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەنگ بە بەڵی بدەن، ئەگەر خەڵك گلەیی لە یەكێتی، پارتی و گۆڕان هەیە دەتوانن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دوای 40 رۆژ لە پرۆسەی ریفراندۆم دەنگیان پێنەدەن”.
ئازاد تۆفیق بە ئاسایی دەزانێت بزووتنەوەی گۆڕان جارێكی دیكە چاو بە رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی بخشێنێتەوە و دەڵێت: “ئەو رێككەوتنە تاڕاددەیەك لۆكاڵییە، پەیوەندی بە پارێزگار و قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و دەسەڵاتە تەنفیزییەكانی ئەو ناوچەیە هەیە كە دەڤەری سەوزە، پێشموایە یەكێتیی لەو رووەوە كەمتەرخەم نەبووە، ئەوانەشی پێیانوایە یەكێتی كەمتەرخەم بووە ئەوا دەتوان بە رێككەوتنەكەدا بچنەوە و ئازادن”.